گالەری

 
بەرهەمی هەنجیری قەزای ئاکرێ، بەهۆی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەواوە کەمیکردووە. قەیرانی داراییش نرخەکەی دابەزاندووە و جووتیارانی نیگەران کردووە.  
 
هەنجیری ئاکرێ بەهۆی شیرینی ناسکییەکەی، ناوبانگێکی زۆری هەیە و لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خواستێکی زۆری لەسەرە. زۆربەی باخە هەنجیرەکانی بە ئاوی کانیاوەکان ئاودەدرێن و مادەی کیمیایی لە بەرهەمهێنانیاندا بەکارناهێندرێت. 
 
غەزالی محەممەد، جووتیارێکی بەتەمەنی ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێیە و دەڵێت، "ئەم ساڵ بەرهەمی هەنجیر کەمی کردووە، هۆکارەکەیشی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانە. بەڵام خۆشبەختانە کوالێتییەکەی وەکو خۆی ماوەتەوە و کاریگەریی لەسەر ناسکی و شیرینیی هەنجیرەکە دروست نەکردووە، چونکە ئێمە مادەی کیمیایی بەکارناهێنین."
 
 جووتیارەکە دەڵێت، ساڵانی رابردوو لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی هەنجیر، کیلۆی بە 15 هەزار دەفرۆشرا. ئەم ساڵ بەهۆی قەیرانی دارایی نرخ لە 8 هەزار دەستیپێکرد و ئێستا بە 5 هەزار دەفرۆشرێت.  
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، رووبەری چێنراو بە هەنجیر لە سنووری قەزاکەدا لەنێوان 1500 بۆ 2000 دۆنم زەویدایە و زیاتر لە 240 هەزار درەخت هەنجیر لەم ناوچەیەدا هەن.
 
ئاکرێ لەڕووی کشتوکاڵییەوە دەوڵەمەندە و بەرهەمەکانی وەکو هەنجیر، سماق و برنجی کوردی لە بەرهەمە گرنگەکانیەتی.