ئاراس شێخ جەنگی: زیاتر لە 150 هەمەر و 9 دەبابە لە شەڕەکەی لالەزار بەکارهێندراون

23-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
هۆتێلی لالەزار دوای شەڕەکە.
هۆتێلی لالەزار دوای شەڕەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاراس شێخ جەنگی رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی باشە. دەشڵێت: "لە کاتی شەڕەکەدا، 25 هەزار چەکدار بۆ گرتنی لاهوور لە سلێمانی بڵاوکرابوونەوە."
 
شەوی 21-08-2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی داوایان لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل کرد خۆی رادەست بکات و رایانگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
 
دوای رووبەڕووبوونەوە، شەڕەکە کۆتاییهات و لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد برای دەستگیرکران.
 
رۆژی شەممە، 23ـی ئابی 2025، ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی تەندروستیی لاهوور و پۆڵاد باشە، بەڵام پۆڵاد، کە بریندارە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئاسایش، لە کاتێکدا پزیشکەکان پێیانگوتبوو دەبێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە؛ ئێستا هەردووکیان لە ئاسایشی سلێمانین."
 
بە گوتەی ئاراس شێخ جەنگی لە شەڕەکەدا بە چەندین جۆری چەک هێرشکراوەتە سەر لالەزار و گوتی: "بە 150 هەمەر و باجەر، 15 دەبابە، هێرشیان کردووە، 120 درۆنی خۆکوژیان بەکارهێناوە، کە دروستکراوی دەرەوە بوون."
 
ئاراس شێخ جەنگی مەزەندە دەکات ئەو هێزانەی هێرشیان کردە سەر لالەزار ژمارەیان 4-5 هەزار چەکدار بووبێت، بەڵام دەڵێت: "بە هەموو ئەوانەی لە لالەزار بوون، لە فەرمانبەر، چێشتلێنەر، چایچی و رۆژنامەنووس، 150 کەس نەدەبوون."
 
تائێستا ژمارەی کوژراوان و برینداران بە تەواوەتی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام براکەی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "کۆمەڵێکیان بە درۆن لێیاندراوە و سووتاون، بە پێشبینیی من 12 بۆ 15 کوژراو هەن."
 
سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، براکەی دەڵێت: "شەڕەکە زۆر قورس بووە، نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، ئەوانەی لەگەڵی بوون گوتوویانە شەڕ دەکەین، بەڵام لاهور گوتوویەتی نامەوێت شەڕ بکەن و کەس بکوژرێت، پەیوەندیی بە یەکێک لە بەرپرسە ئەمنییەکانەوە کردووە کە لەوێ بووە و گوتوویەتی خۆم رادەست دەکەم، نامەوێت کوڕی خەڵکی زیاتر بکوژرێت".
 
براکەی لاهوور شێخ جەنگی داوا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران دەکات: "کە دەبێت بێنە سەر خەت، ئەمە قبووڵ نەکەن، چونکە ئەمە شکاندنی شکۆی حکومەتەکەیانە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاراس شێخ جەنگی:
 
رووداو: دوایین زانیارییەکان چین؟ دۆخی تەندروستی کاک لاهوور، هەروەها کاک پۆڵاد و دکتۆر ئاسۆ چۆنە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: دۆخی تەندروستییان باشە، لاهوور دۆخی تەندروستی باشە. پۆڵادیش سێ کاژێر لە نەخۆشخانە بووە، ئاسایش گواستیانەوە بۆ زیندانی ئاسایش. ئەویش باشە، بەڵام بریندارە، هەتا دکتۆرەکان گوتیان پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە، بەڵام دیارە هەر بردوویانە. هەردووکیان لە ئاسایشی سلێمانین.
 
رووداو: هەردووکیان، واتە لە ئاسایشی سلێمانین، هەم کاک لاهوور هەم کاک پۆڵاد؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو:  ئەی چارەنووسی ژن و منداڵەکەی کاک لاهوور چی لێهات؟ ئێستا لە کوێن؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نا، لەوێ نەبوون. لەو کاتەدا لەوێ نەبوون.
 
رووداو: بەڵام باس دەکرێت کە لەناو لالەزار بوون لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکە لەوێ بوون برانە دەرەوە لەو کاتەدا؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نا لەوێ نەبوون.
 
رووداو: ئەی خوشکەکەت کە دوای ئەوەی کاک لاهوور دەستبەسەر کرا، لە پێشی هەموویانەوە دەڕۆیشت، ئەو چارەنووسی چۆنە؟ لە کوێیە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: دوای ئەوەی پۆڵادیان بردبوو بۆ ئاسایش، لە نەخۆشخانە لەگەڵی بوو، ئەویش تەندروستی تێکچووبوو، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بوو، بەڵام ئێستا دۆخی باشە.
 
رووداو: ئەی چیرۆکی جیاواز باس دەکرێت لەبارەی شەڕەکە، چۆنیەتی خۆبەدەستەوەدانی کاک لاهور؟ تۆ وردەکارییەکەت لەلایە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: من وردەکاریم لەلا نییە، قسەم لەگەڵ هەندێک لەوانە کردووە، کە دەربازیان بووە. دوای ئەوەی کە شەڕەکە دەستیپێکرد، ئێمە شەڕەکەمان رەتکردەوە. ئاسایش راست ناکات، یەکەمجار ئەوان دەستیان پێکرد، یەکەمجار ئەوان خۆیان بە تۆپ و بە درۆن لێیان داون. با من زانیارییەکت بدەمێ لاهوور خۆی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمە بە فەرمی، پاسەوانەکانیشی فەرمین و لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمن، مووچە و هەموو شتێکیان لەسەر ئەنجوومەنە. واتە هێزێکی رەسمییە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمن و هێزی حکومین. دووەم، لاهوور ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستانە. ئەوانەی کە هاتوون هێرشیان کردووەتە سەر ئەمانە، هێزی حکومی نەبوون. هێزی کۆماندۆ، هێزێکە کەس نازانێت سەر بە کوێیە. هێزی دژە تیرۆریش دیارە. بە چەکی ئەمریکی، بە دەبابە، بە تۆپ بە 150 هامەر و باجەر هاتوون هێرشیان کردووەتە سەر گرووپێک، لەناو چوارگۆشەیەکی بچووک، کە هەمووی 1500مەتر نابێت.
 
رووداو: بە چەند جۆر چەک لێیاندراوە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: تۆپی دەبابە، سەد لە سەد. تۆ سەیری ماڵەکان بکەن، ئەگەر رێگاتان بدەن بچن رەسمی ماڵەکان بگرن، ماڵی لاهوور، ماڵەکانی دەوروبەری ماڵی لاهوور، لەگەڵ هۆتێلێک کە لەوێ دروست کراوە هی کاک عومەرە، 80 تۆپی دەبابەی پێوە نراوە، بەس ئەو هۆتێلە. دوای ئەوە دۆشکە بە هەموو جۆرەکانییەوە بەکارهاتووە. هاوەنی 150 ملم بە سەدان.
 
رووداو: باس لە بەکارهێنانی درۆنیش دەکرێت، درۆنیش بەکار هات؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ، درۆنێکی زۆر زۆر بەکار هاتووە. زیاتر لە 120 درۆن بەکار هاتووە. هەمووشیان بەداخەوە خۆکوژی بوون. ئەم درۆنە خۆکوژییانە، لە وڵاتێکی دەوروبەرەوە هاتووە، چونکە ئەمە شتێکی ناوخۆیی نییە. ئێستا دەردەکەوێت کە بەڕاستی وڵاتانی دەوروبەر دەستیان لەو کارەدا بووە.
 
رووداو: ژمارەی هێزەکانی بەرامبەر کاک لاهور و ئەوان چەند بووە؟ ئەو تانک و زرێپۆشانەی کە هاتوونەتە بەردەم ماڵیان ژمارەیان چەند بوو؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: زیاتر لە چوار بۆ پێنج هەزار کەس بووە کە لەو چواردەورە کۆبوونەتەوە. زیاتر 25 هەزار چەکدار هێنرابوونە سلێمانی. ئەوەندەی من ئاگادار بم زیاتر لە 120 هامەر و باجەڕ و زرێپۆش، 15 دەبابە، درۆنیش لە ژمارە نایەت.
 
رووداو: گوتت 25 هەزار چەکدار یان هێزی ئەمنی، ئەمانە هەموو بۆ دەستگیرکردنی کاک لاهور هاتبوون؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: ئەمانە هەموو عەسر و ئێوارە شارەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو. وەکو مولازم موحسین لە سەردەمی بەعس کە دەهاتن خەڵکیان دەپشکنی، هەموو بازگەکانیان گرتبوو. بەس وێنەی سەدام حوسێنی تێدا نەبوو. 
 
رووداو: کاک ئاراس، هەندێک ئاماری فەرمی راگەیەندرا لەبارەی ژمارەی کوژراوان، باس لە سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت کە کوژراون، لە لایەنی لالەزاریش باس لە دوو کەس دەکرێت کە کوژراون. وردەکارییەکەت بەم جۆرەیە یان ژمارەکە زیاترە؟ بەپێی ئەوەی کە تۆ دەڵێی بەو هەموو چەکەوە لێیان دراوە، دەکرێت تەنیا دوو کەس کوژرا بێت؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نەخێر، راست نییە. بەعەکسەوە، کۆمەڵێکیان هەر سووتاون، بە درۆن لێیان دراوە و سووتاون، تەرمەکانیان سووتاون. ژمارەیان زیاترە، من پێشبینی دەکەم لە نێوان 12 بۆ 15 کەس کوژراون.
 
رووداو: ئەی ژمارەی بریندارەکان؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: برینداریش هەیە.
 
رووداو: گوتت کە 25 هەزار هێزی ئەمنی هاتووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیر بکەن، لە لالەزار چەند کەسی لێ بوو، کە ڕووبەڕووی هێزەکە بوونەوە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: بە فەرمانبەر و میدیاکار و نازانم چی، 150 کەس بوون.
 
رووداو: لەسەر ئەو دۆخە قسەت لەگەڵ کاک بافڵ تاڵەبانی کردووە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نەخێر پەیوەندیم لەگەڵی نییە بەداخەوە.
 
رووداو: ئەی هەنگاوی داهاتووتان چی دەبێت؟ پارێزەر بۆ کاک لاهوور شێخ جەنگی دەگرن؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: ئێمە لە رێگەی یاسا هەم لە عێراق، هەم لە کوردستان، هەم لە دەرەوەش خەریکین. ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەکی گەورەیە. ئەمە پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە، پەیوەندی بە کۆمەڵکوژییەوە هەیە. خەڵکی تێدا بووە، خەڵکی سیڤلی تێدا بووە، تاوانێکی گەورە لەو شارە کراوە، لە سەردەمی سەدام حوسێن شتی وا نەکراوە، مەگەر لە غەززە شتی وا روویدابێ. 
 
رووداو: دەگوترێت ئێستا دۆخی سلێمانی ئارامە و ئیدی کەس یاساشکێنی ناکات، واتە کاک لاهوور شێخ جەنگی هۆکاری یاساشکێنی بوو لە سلێمانی؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: چوار ساڵ بوو لاهوور لە دەسەڵاتدا نەما بوو، دۆخی سلێمانی هەر خراپتر بوو. بە پێچەوانەوە، ئەوان یاساشکێنن. هێزەکانیان هاوشێوەی میلیشیایەکی سۆماڵییە بەکاری دەهێنن بۆ کاروباری قاچاخچێتی، بۆ تریاک فرۆشتن، بۆ مەرزەکان، بۆ گرتن و ئەشکەنجەی خەڵک، بۆ تەعەداکردن لە خەڵک. ئەی ئاسایش و پۆلیست بۆچییە، بۆ ئەوان ناچنە سەریان
 
رووداو: کاک ئاراس، گوتت کە ژمارەیەکی زۆریش لە لالەزار کوژراون، هەندێکیان هەر سووتاون، کەواتە بۆچی بەرەی گەل بە فەرمی ژمارەی کوژراوان و ناسنامەیان راناگەیەنرێت بۆ ئەوەی چارەنووسیان دەرکەوێت؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نازانم، بۆچی خۆت لە بەرەی گەل ناپرسی.
 
رووداو: تۆ دڵنیای لەو ژمارەیە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: ژمارەی کوژراوان لەوە زیاترە. بە تەقدیری خۆم دەبێت 12 بۆ 15 کەس بێت. هەندێک کەسی ئێستا، ئەمڕۆ بۆ نموونە چەند کەسێک تەلەفۆنیان کردووە کە تازە دەربازیان بووە. بۆ نموونە ئاسۆی برام لەوێ بووە، نەکوژراوە، ئەوە ئەمڕۆ دەرکەوت. خۆی لەو دەوروبەرە شاردبووەوە. 
 
رووداو: باشە کاک ئاراس، گوتت کە رێکاری یاسایی دەگرنە بەر. ئەمڕۆ بە فەرمی راگەیەندرا کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی دەستیپێکردووە، ئێوە پارێزەری بۆ دەگرن؟ هەم کاک لاهوور و هەم پۆلادی برای وڵاتینامەی بەریتانیایان هەیە، ئێوە لەگەڵ کونسووڵخانەی بەریتانیا لەسەر هێڵن؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ لەگەڵ باڵیۆزخانە و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەسەر هێڵین، لەگەڵ ئەمریکییەکان. دۆستایەتی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە هەیە. لەگەڵ هەرچی دەوڵەتی دنیایە لەسەر هێڵین، هەرچی بەڵگەنامەش هەیە بۆیان دەنێرین. ڤیدیۆی شوێنی شەڕەکە و ئەو چەکانەی بەکارهاتوون بۆیان دەنێرین.
 
رووداو: باشە، بابگەڕێینەوە سەر دۆخی شەڕەکە، چیرۆکی جیاواز باس دەکرێت کاک ئاراس. لاهوور شێخ جەنگی خۆی رادەست کرد یان دەستگیرکرا؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: کە شەڕەکە زۆر سەخت بووەوە و هەتا گەیشتە مەسەلەی درۆن و ئیدی توانای بەرگری نەما. ئەوانەی لەگەڵی بوون گوتینا شەڕ دەکەین، بەڵام لاهوور بڕیاری دا و گوتی کاکە شەڕ مەکەن، من نامەوێت خوێنی کەس بڕژێت. پەیوەندییەکی کرد بە یەکێک لەوانەی لەوێ بوو لە بەرپرسە ئەمنییەکان، گوتی کاکە وەرە من خۆم رادەست دەکەم و نامەوێت کوڕی خەڵک بکوژرێت.
 
رووداو: رێبواری حامیدی حاجی غالی، فەرماندەی هێزی دژە تیرۆر، چیرۆکی جیاوازیش لەبارەی ئەوەوە باس دەکرێت کە گوایە ئەو شەڕی نەکردووە و تەلەفۆنی کردووە و خۆی رادەست کردووە، ئەمە ڕاستە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: نەخێر، نەخێر. بەپێچەوانەوە ئەو دوایین کەس بوو، کە خۆی رادەست کرد.
 
رووداو:  راستە بە برینداری دەستگیر کراوە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: من ئاگادار نیم بریندار بووبێت.
 
رووداو: باشە کاک ئاراس، ئێستا دەتانەوێت چی بکەن لەبارەی چارەنووسی هەم پۆڵاد شێخ جەنگیی براتان لەگەڵ کاک لاهوور؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: چارەنووسی ئەوان ئەمە مەسەلەیەکی سیاسییە. داویانەتە مەحکەمە، حاکمێکیان نازانم لە کوێ هێناویانە.
 
رووداو: متمانەتان بە دادگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە؟ دوێنێ کەسایەتییەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، کاک شادمان، گوتی هەوڵدەدەین کە بیگوێزینەوە بۆ بەغداد.
 
ئاراس شێخ جەنگی: من پێم باشە بگوازرێتەوە بۆ بەغداد. هیچ نەبێت لەوێ جۆرێک ئازادی هەیە. بەڵام بەڕاستی ئەگەر هەولێریش ئەگەر بکرێت هێشتا باشترە، هیچ نەبێت لاهوور ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە. کاک مەسروور دەبێت بێتە سەر هێڵ بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ نەکات.
 
رووداو: ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە لەو کاتەی کە کاک لاهوور دەهێننە دەرەوە، کەسێک لە دواوە زللەیەک دەکێشێت بە کاک لاهوردا. ئێوە وەکو بنەماڵەکەی هەڵوێستتان چییە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: ئێمە دەزانین ئەو کەسە کێیە، جارێ هیچ قسەیەک ناکەین.
 
رووداو: ئەی لەسەر شێوازی دەستگیرکردنەکە و هێنانە دەرەوەی بەو شێوەیە؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: ئاساییە؟
 
رووداو: ئەی هەڵوێستی خوشکەکەت؟ دەگوترێت تا دوا سات پشتی براکەی گرتووە.
 
ئاراس شێخ جەنگی: نەخێر قسەم لەگەڵی نەکردووە. ئەو لە نەخۆشخانە بووە، تەلەفۆن قەدەخە بوو بیبەنە ژوورەوە لای پۆڵاد بووە، قسەی چی لەگەڵ بکەم، خوشکەکەم کەسێکی ئازایە.
 
رووداو: چارەنووسی موڵک و ماڵ و دەزگاکانی لاهور شێخ جەنگی چی بەسەر دێت؟
 
ئاراس شێخ جەنگی: موڵک و ماڵی چی؟ تۆ لە کوردستان خاوەنی موڵک و ماڵی خۆت نیت. کێ خاوەنی موڵک و ماڵی خۆیەتی؟ هەموو کەس دەتوانێت بەیانی بێت قانونێک دەرکات. ژیانی خۆت گرنگە. لە کوردستان کەس خاوەنی موڵک و ماڵ نییە. تۆ لەم وڵاتە خاوەنی موڵک و ماڵی خۆت نیت، تۆ خاوەنی کەرامەت و ژیانی خۆت نیت. موڵک و ماڵ چییە؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.