ئانۆ جەوهەر: بەمنزیکانە لە کوردستان کار بە سیستمی 5G دەکرێت

23-11-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نرخی ئینتەرنێت 20٪ دابەزیوە و کولێتی ئینتەرنێت 100٪ زیاتر بووە، ئەو تۆڕە ئینتەرنێتەی هەمانە لە کوردستان لەسەرتاسەری عێراق نییە. نرخەکەشی لە عێراق و چەندین وڵاتی دراوسێ هەرزانترە.
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان میوانی بڕگەی سەرتێشت-ی نوڕۆژ بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو کە بەیانیی رۆژی چوارشەممە 23-11-2022 پەخشکرا. 
 
ئانۆ جەوهەر ئاماژە بەوە دەدات کە ئێستا لە کوردستان بەرەو 5G دەڕۆن، دوو کۆمپانیا واژۆی گرێبەستی پێشکەوتوویان لەگەڵ وەزارەت کردووە بەم نزیکانە دەستپێدەکەن. لەبارەی کارکردن بە سیستمی 5G، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: "یان لە کۆتایی ئەمساڵ، یان لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو بە (pilot project) پرۆژەی ئەزموونی دەستپێدەکەین." 
 
سەبارەت بە بڕیارێکی وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە قەدەخەکردنی ماڵپەڕە پۆڕنەکان، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە لە کوردستان کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، تاوەکو ئێستاش لەلایەن بەغداوە نووسراوێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە. بەڵام ئێمە لە کوردستان پێشتر کارمان لەسەر کردووە بە دانانی پاکێجی خێزانی." 
 
لەو هەڤپەیڤەندا کە هەوراز گوڵپی بەشێوەیەکی مەیدانی لەگەڵ ئانۆ جەوهەر ئەنجامیداوە، لەسەر چەندین پرسی جیا جیای وەک، حکومەت، کۆنگرەی 14ی پارتی، ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نرخ و کوالێتی ئینتەرنێت، لۆگۆ و کارتی زانیاری و پێوەری تەکسی و هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: ژوورەکەت خۆشە ماشەڵڵا.
 
ئانۆ جەوهەر: زۆر سوپاست دەکەم، هەوڵمداوە ژوورەکەم رەنگدانەوەی کارەکانی پێشووتری خۆمان بێت، هەر کەسێک دیکۆری ژوورەکەی بەپێی کەسایەتی خۆی دادەنێت.
 
رووداو: ئەوەی کە زۆر سەرنجی راکێشام ئەم وێنەیەی جەنابی شێخ ئەحمدی بارزانی-یە کە لەسەری نووسراوە "ئەگەر خودا یار بێت، با هەموو دونیا نەیار بێت". ئەم رستەیە و ئەو وێنەیەی جەنابی شێخ ئەحمەد بۆتۆ چی دەگەیێنێت؟
 
ئانۆ جەوهەر: بابەتەکە لای من بابەتێکی روحییە، جەنابی شێخ ئەحمەد تەریقەتی بارزان لە شێخ عەبدولسەلامەوە دواتر شێخ ئەحمەد و جەنابی مەلا مستەفا، بابەتەکە ئەوەیە نیشتمانێک کۆدەکاتەوە. پێش ئەوەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو بابەتانە دروست ببێت، لە دەڤەری بارزان، موسڵمان، مەسیحی، جوو و گشت و ئایین و ئایینزاکانی کوردستان بە پێکەوەژیان و بە برایی دەژیان بە یەکسانی. 
 
رووداو: ئەندامی کۆنگرەی 14 پارتی بووی، بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەرنەچووی، نیگەران بووی کە دەرنەچووی؟
 
ئانۆ جەوهەر: ناوەڵا، خوا دەزانێت کە بینیم جەنابی سەرۆک دڵی خۆشە بە کۆنگرە کە بینیم ئەندامانی کۆنگرە و کادرانی پارتی و جەماوەری پارتی دڵیان خۆشە بەوەی کۆنگرە بە سەرکەوتوویی کرا، پارتی دوای کۆنگرە بەهێزتر بووە، من دڵخۆش بووم.
 
رووداو: هیچ بەربژێرێکی کریستیان بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەرنەچوو، جگە لە رێبوار یەڵدا بە تەسکیەی سەرۆک بارزانی. پێتانوانییە ئەو ژمارەیە کەمە لەنێو سەرکردایەتیی پارتی؟
 
ئانۆ جەوهەر: ئێمە جەنابی سەرۆکمان هەیە، جەنابی سەرۆک نوێنەری هەموومانە.
 
رووداو: باسی حکومەت بکەین، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی. ناکۆکییەکانیان گەیشتووەتە ناو حکومەت؟ 
 
ئانۆ جەوهەر: پارتی و یەکێتی دوو حیزبن کە بەدیلی پارتی بۆ یەکێتی پارتییە، بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی یەکێتییە. 
 
رووداو: زانیاریت هەیە کاک قوباد بۆچی نیگەرانە؟
 
ئانۆ جەوهەر: بەم دواییانە قسەم لەگەڵی نەکردووە، دوایین جار کە قسەم لەگەڵی کرد پێش 10 رۆژ بوو، لەسەر یەکێک لە بابەتەکانی کاری وەزارەت بوو کۆمپانیاکانی گەیاندن، هەندێک تێبینی هەبوو.
 
رووداو: ئەمڕۆ 8ی نۆڤەمبەرە، لە کەیەوە جەنابی جێگری سەرۆکوەزیرانت لەناو کۆبوونەوەکانی حکومەت و ژوورەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران نەبینیوە؟
 
ئانۆ جەوهەر: دوایین کۆبوونەوە کە دیتم، کۆبوونەوەی پێش دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەڵام دوای ئەو پەیوەندی تەلەفۆنیمان هەر پێکەوە هەبووە، تەلەفۆنی کرد ئیشێکمان هەبوو من لە خزمەتی دابووم.
 
رووداو: تیمی یەکێتی لە چی نیگەرانن؟
 
ئانۆ جەوهەر: من گوتەبێژی حکومەت نیم، بەڵام لە یەک شت دڵنیات دەکەمەوە، پارتی و یەکێتی رێکدەکەون، چونکە جیا لە رێککەوتن هی چارەسەرێکی دیکە نییە.
 
رووداو: [وێنەیەک لە ژوورەکەی هەڵواسراوە کە خۆی و سەرۆکی حکومەت تابلۆیەک پێشکێشی پاپا فرانسس دەکەن] ئەو تابلۆیە چی بوو؟ کاردانەوەی پاپا فرانسس چی بوو؟
 
ئانۆ جەوهەر: ئەو تابلۆیە لە دار بەڕووی کوردستان دروستکراوە، ئەو پەڕانەی لەسەر تەختەکە دراوە، پەڕی ئینجیلێکی زۆر کۆنە کە تەمەنی سەدان ساڵ دەبێت کە لەلایەن داعشەوە سووتێندرابوو، ئەوەی لێی جێ مابوو پێشمەرگە رزگاری کرد، ئەوەش وێنەی ئەو پێشمەرگانەن کە بە سەرۆکایەتیی رێزدار جەنابی سەرۆک گوندە کریستیانەکان رزگار دەکەن لە دەشتی نەینەوا، ئەو خاچەی داعش شکاندبووی، پێشمەرگەکان لەسەر پشتی خۆیان هەڵیان گرتووە و دەیخەنەوە سەر کەنیسەکان. ئایەتێکی بە زمانی سریانی و لاتینی لەسەری نووسراوە لە ئینجیلی پیرۆز کە دەڵێت: "هیچ خۆشەویستییەک لەمە گەورەتر کە مرۆڤ خۆی بەخت بکات لەپێناو خۆشەویستەکانی". ئەوەشیان هەندێک خاچی رۆژهەڵاتییە لەگەڵ هەندێک سیمبوولی بابلی مێژوویی خۆمان.
 
جەنابی سەرۆکوەزیرانیش باسی ئەو قوربانییە گەورەیەی پێشمەرگەی کرد لە پێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و بە تایبەت لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان. قەداسەتی پاپا زۆر گەشبین بوو بەوەی چۆن هەرێمی کوردستان ئەو هەموو پەنابەرەی لەخۆ گرتووە، کە ئەوکات 2 ملیۆن پەنابەر دەبوون، کە بە سەدان هەزاری کریستیان و ئێزدی و کاکەیی لەخۆی گرتبوو.
 
رووداو: [لە یەکێک لە ژوورەکان ژمارەیەکی زۆری ستیکەر بە دیوارەکەوە هەڵوسراوە و هەریەکە و شتێکی لەسەر نووسراوە.] ئەو ستیکەرانە چین کە هەر یەکەو شتێکی لەسەر نووسراوە؟  
 
ئانۆ جەوهەر: ئەو نووسینانە بەندە زۆر دڵخۆش دەبم بەوەی کتێب بە دیاری پێشکێش بە خەڵک بکەم، بۆیە کتێبخانەیەکی بچووکم لێرە دانا و شتێکیشم نووسی، نووسیومە کتێبێک لەگەڵ خۆت ببە و تێبینییەکی یادگاری بەجێ بهێڵە، ئەو وەرەقە زەردانەی کە دەیبینن، هەموویان هەریەکە و کتێبێکە بردراوە، ئەوەی کتێبێکیشی بردبێت هەر یەکە و بە دڵی خۆی شتێکی نووسیوە، هەموویان دەخوێنمەوە. ساڵێکشمان ماوە لە وەزارەت دوایی ئەو تێبینیانە لەگەڵ خۆم دەبمەوە و دەیکەم بە ئەلبوومێک بۆ یادگاری.
 
رووداو: گلەییەکی خەڵک هەیە لەسەر نرخ و کوالێتی ئینتەرنێت، هەوڵتان نەداوە ئەمە چارەسەر بکەن؟
 
ئانۆ جەوهەر: نرخی ئینتەرنێت 20٪ی هاتووەتە خوارێ، کولێتی ئینتەرنێت 100٪ زیاتر بووە لەبەرئەوەی LTEیە لە کوردستان، ئەو تۆڕە ئینتەرنێتەی هەمانە لە کوردستان لەسەرتاسەری عێراق نییە. ئێمە FTTH کێبڵی تیشکیمان گەیاندووەتە گوندەکان، نرخەکەشی لە عێراق و چەندین وڵاتی دراوسێ هەرزانترە، بەڵام کێشەی دانانی تاوەرمان هەیە، هاووڵاتییان پێیان ناخۆشە تاوەر لە نزیک ماڵەکانیان دابنرێت.
 
رووداو: خەڵک ناحەقی نییە کە رێگە نەدات تاوەر دابنرێت؟
 
ئانۆ جەوهەر: بەپێی راپۆرتەکانی WHO و وەزارەتی خۆمان، گشت کارەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ دەکرێت، لە هەر شوێنێکیش بزانین لە دەرەوەی یاسا کار دەکات یان زیان بە خەڵک دەگەیێنێت ئێمە قبووڵ ناکەین تاوەرەکە دابنێت. تۆ تاوەرێکت هەیە بەرگەی 200 بەکارهێنەر دەگرێت، 500 بەکارهێنەر لەوێ هەبێت لەسەر حیسابی کوالێتیەکەی دەبێت. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین یارمەتیمان بدەن، یارمەتی ئاسایش و پۆلیس و شارەوانی بدەن لەوەی بهێڵن ئێمە ئەو تاوەرانە دابنێین، چونکە ئەگەر تاوەر دانەنێین چۆن کوالێتی بەرز بکەینەوە؟
 
رووداو: رێگە چارەیەکی دیکە نییە؟
 
ئانۆ جەوهەر: دەبێت تاوەر هەبێت، تاوەکو تۆڕ هەبێت، ئێمە ئێستا لە کوردستان بەرەو 5G دەڕۆین، دوو کۆمپانیا واژۆ گرێبەستی پێشکەوتوویان لەگەڵ وەزارەت کردووە کە لە 4G خێراترە 5Gیە، بەم نزیکانە دەستپێدەکەین.
 
رووداو: کۆمپانیاکان خۆماڵین؟
 
ئانۆ جەوهەر: کوردستانین، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنین با نەبێتە پڕوپاگەندە بۆ کۆمپانیاکان. بەم نزیکانە دەستپێدەکەن، وەک دەزانن 5G پێویستی بە تاوەری زیاترە؟
 
رووداو: درەنگ نییە بۆ گەیشتنی 5G بۆ کورستان؟
 
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، لە چەندین وڵاتی دراوسێ تاوەکو ئێستا 5G نییە.
 
رووداو: لە عێراقدا هەیە؟
 
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، نییە.
 
رووداو: لە کوردستان کەی دەستپێدەکات؟
 
ئانۆ جەوهەر: یان لە کۆتایی ئەمساڵ، یان لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو بە (pilot project) پرۆژەی ئەزموونی دەستپێدەکەین.
 
رووداو: بڕیارێک لە بەغدا دراوە سەبارەت بە قەدەخەکردنی ماڵپەڕە پۆرنەکان، وەزیری نوێی گەیاندنی عێراق پەیوەندیت پێوە کردووە بۆ پیرۆزبایی و باسی ئەو بابەتانە کراوە؟
 
ئانۆ جەوهەر: بەرنامەم داناوە دیدارێکمان هەبێت پێکەوە، سەردانی هەردوو وەزیر بکەم، گواستنەوە و گەیاندن.
 
رووداو: هاوئاهەنگی لەنێوانتاندا هەیە؟
 
ئانۆ جەوهەر: لەگەڵ دوو وەزیرەکەی پێشوو هاوئاهەنگییەکی زۆر باشمان هەبوو، تەنانەت دۆستایەتیشمان هەبوو.
 
رووداو: بابەتی بلۆککردن و قەدەخەکردنی ماڵپەڕە پۆرنەکان لەلایەن ئەو وەزیرەی تازە دەستبەکار بووە چۆن دەبینن؟
 
ئانۆ جەوهەر: ئێمە لە کوردستان کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، تاوەکو ئێستاش لەلایەن بەغداوە نووسراوێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە. بەڵام ئێمە لە کوردستان پێشتر کارمان لەسەر کردووە بە دانانی پاکێجی خێزانی.
 
رووداو: کۆمپانیاکان پێوەی پابەند بوون؟
 
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، ئێستا دەتوانێت بچیتە هەر مۆڵێک، داوا بکەی پاکێجی خێزانیت بدەنێ کە هەمان خێرایی هەیە و 2 هەزاریش هەرزانترە، ئەویش نەک تەنیا بابەتی ماڵپەڕە سێکسییەکان، بەڵکو بابەتی سووکایەتیکردن بە ئایین، کهول، مادە هۆشبەرەکان، تەقەمەنی و تووندوتیژی و قومار، هەمووی تێیدا قەدەخەکراون. ئێمە لە کوردستان کارمان لەسەر کردووە و خۆم چوومەتە خزمەتی جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا و یەکێتی زانایان ئەو بابەتە هەر لەوێ بە ئامادەبوونی رووداویش رامانگەیاند.
 
رووداو: [یەکێک لە هاوڕێکانی ئانۆ جەوهەر پرسیاری لۆگۆ و کارتی زانیاری و کاریگەرییەکی رووبەڕووی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کردەوە] دوای ئەوەی بابەتی لۆگۆی تەکسی دانرا کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتەوە، لەلایەکی دیکە ئەوانەی کە فەرمانبەری حکومین پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە، نابێت کاری شۆفێری بکەن، ئایا چارەنووسی ئەوانە چی دەبێت؟ دەتوانن کار بکەن یان رێگەیان پێنادرێت؟
 
ئانۆ جەوهەر: پرۆژەی لۆگۆ و کارتی زانیاری تەکسی، بابەتێکی زۆر گرنگە لەپێناو رێکخستنەوەی گواستنەوەی گشتی، لەو کابینەیە بەهیچ شێوەیەک ژمارەی تەکسی زیاد نەبووە، ئەمە یەکێک بووە لە سیاسەتەکانی وەزارەت. ئەوانەشی هەبووە رێکمانخست، داتابەیسێکمان دروستکرد، هەموو تەکسییەکان بەپێی پارێزگا هەر یەکە و رەنگێکە لۆگۆی لێدەدرێت، سەرەتا کارتی زانیاریان بۆ دروست دەکرێت، هەر شۆفێری تەکسییەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی پارێزگاکان نووسراوێکی پێدەدرێت لەوێ دەچێتە بنکەی ئاسایش، پاشان دەچێتە پۆلیسی هاتووچۆ، دوایی دەچێتە بەڵگەی تاوان بۆ ئەوەی بزانن ئەو شۆفێرە پێشینەی تاوانی هەیە یان نا. دوایی دەچێتە بایۆمەتری زانیاییەکان تۆمار دەکرێت، دواتر دێتەوە بۆ ئێمە لۆگۆی بۆ دروست دەکەین.
لۆگۆکە بۆ ئەوەیە کە بزانین شۆفێری تەکسییەکان کێن.
 
رووداو: هەموو تەکسییەک پابەند بووە بە بەستی ئەو لۆگۆیە؟
 
ئانۆ جەوهەر: لە هەولێر گەیشتووینەتە نزیک 80٪، لە دهۆک زیاتر لە 75٪ـە، لە سلێمانی نزیک 45٪ـە.
 
رووداو: بۆچی لە سلێمانی رێژەکە کەمە؟
 
ئانۆ جەوهەر: سەندیکا لەگەڵ ئێمە زۆر یارمەتیدەر نەبووە، هەندێک لێدوانیان دژی ئەو بابەتەدا.
 
رووداو: ئەمە قورسکردنی ئەرکی خەڵک نەبوو؟
 
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، ئەمە بۆ پاراستنی خەڵکە، بۆ پاراستنی شۆفێرانی تەکسییە. شۆفێرانی تەکسی کەسانی رێکوپێکن، رسقی ماڵ و منداڵیان بە حەڵاڵی پەیدا دەکەن، بەڵام هەندێک کەسیان تێدایە وەکو کورد دەڵێت، "چەم بێ چەقەڵ نابێت"، هەندێکیان هەن ئەو تەکسیەیان بۆ رسق نەکڕیوە بەڵکو بۆ شتی دیکەیان کڕیوە، کێشە دروست دەکەن، چەندین کێشە دروستبوو، حاڵەتی تەحەڕوش و ئەوانە کە بۆ ئێمەش جوان نییە. بۆیە ئێمە رێکمانخست، ئێستا زۆربەی زۆریان لە داتەبەیس دان، بۆ نموونە لەم رۆژانە هاووڵاتییەک بڕە پاریەکی زۆری لەنێو تەکسییەک جێهێشتبوو، بەس لە کامێراکە لۆگۆکەمان دەرهێنا تەلەفۆنمان بۆ شۆفێری تەکسیەکە کرد و گوتمان جەنابی شۆفێر گوتی، بەخوا منیش وا بەدوای ئەو پیاوە دەگەڕێم کە هەموو پارەیە چییە لەناو ئۆتۆمبێلەکە جێیهێشتووە، هاتەوە چووە لای کاک عەبدولخالق-ی گواستنەوەی هەولێر پارەکەی رادەستی ئەو هاووڵاتییە کردەوە، ئێستا خەریکی ئەوەم خەڵاتی ئەو شۆفێرە بکەم.
 
رووداو: چەند تەکسی لە کوردستان هەن؟
 
ئانۆ جەوهەر: نزیکەی 76 هەزار تەکسی لەسەرتاسەری کوردستان هەن. ئێمە ئێستا خەریکین بۆ ئەوەی بزانین کێن شۆفێرانی تەکسی، چەندن و چ جۆرە ئۆتۆمبێلێکیان هەیە؟ سەبارەت بەوەش ئەوانەی پێشمەرگەن یان پۆلیس و فەرمانبەرن و شۆفێری تەکسین، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ئیشیان لەسەر دەکەین. یاداشتێکم بۆ جەنابی وەزیری ناوخۆ نووسیوە کە چاوخشاندنەوە بە هەندێک رێنمایی بکات و چەندی پێی بکرێت یارمەتیان بدات، بەڵام کەسی پلەدار ناکرێت شۆفێری تەکسی بێت، واتە ناکرێت نەقیبێک شۆفێری تەکسی بێت و گەنجێک لەگەڵ سواربێت و بڵێت سەیدی ئەرێ کرێیەکە چەند دەکات؟ لە هەموو دونیادا نییە نەقیبێک شۆفێری تەکسی بێت، ئەوەی نەقیبیش بێت مووچەکە بایی ئەوە دەکات کە شۆفێری تەکسی نەکات.
 
رووداو: دانانی پێوەری تەکسی.
 
ئانۆ جەوهەر: یەکێکە لەو بابەتانەی کە وادەکات جەنجاڵی کەم بکاتەوە، کاتێک پێوەری زیرەک لەناو تەکسی دادەنرێت، ئەو پێوەرە سیم کارتی لەناوە، پەیوەست دەبێت بە سیستمێک، بەپێی گۆڕانکاری لە نرخی بەنزین نرخی کرێیەکەش دەگۆڕێت. کاتێک ئەو پێوەرە دادەنرێت لە هەر پارێزگایەک چەند کۆمپانیایەکی تەکسی وەکو ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە هەن، ئێستا خەریکی ئەوەین لەم یەک دوو رۆژە لەگەڵ کەریم، گرێبەست واژۆ دەکەین.
 
رووداو: [یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانی پرسیاری لەبارەی داخستنی تیک تۆک لە ئانۆ جەوهەر دەکات و لێی دەپرسێت] بابەتی داخستنی تیک تۆک چی لێ بەسەر هاتەوە؟
 
ئانۆ جەوهەر: هیچ ئەپێک لە کوردستان داناخرێت بەبێ ئەوەی هۆکارێک بۆ داخستنەکەی نەبێت. دوو ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان داوایان لێکردم تیک تۆک دابخرێت، منیش هەر لە تیک تۆکەوە وەڵامم دانەوە، گوتم ئەوە دەبێت دیراسە بکرێت، هەردوو پۆستیشم هەیە لە تیک تۆک، یەکێکیان لەسەر تیک تۆک باسی تیک تۆکم کردم ئەوەی دیکەش لە رۆژی لەدایکبوونی مەولانا جەلالەدین رومی باسێکم لەسەر مەولانا کرد کە زۆرم خۆشدەوێت. هەر وەکو مەولانا فەرموویەتی دەڵێت: "حەقیقەت لە دەستی خوا وەک ئاوێنەیەک بوو، لە دەستیان کەوتە سەر زەوی بووە چەندین پارچە. هەر مرۆڤێک پارچەیەکی برد وایزانی حەقیقەت لای ئەوە"، بۆیە بابەتی تیک تۆکیش هەروایە. تیک تۆک لای جەنابت خراپە لای من باشە، هەریەکە و بەپێی ئەزموونی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات. ئەو بابەتەم داوەتە بەشی یاسایی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوە و گەیاندن ئیشی لەسەر بکەن. 
 
رووداو: خۆت حەز دەکەی دایبخەن؟
 
ئانۆ جەوهەر: ئەگەر تیک تۆک، دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بێت، من سبەی فەرمان وەردەگرم لە سەرۆکوەزیران و دایدەخەم.
 
رووداو: چیت کردووە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و چەند کەیسی گەندەڵی یەکلاکراونەتەوە؟
 
ئانۆ جەوهەر: زیاتر لە 59 ئاگادارکردنەوەمان ناردووە بۆ کۆمپانیاکانی گەیاندن، 11 کۆمپانیامان هەڵوەشاندووەتەوە، 23 کۆمپانیامان هێناوەتە وەزارەت و بەپێی گرێبەستی خۆیان کاردەکەن و ئێستا رسوماتی خۆیان دەدەن بە خەزێنەی دەوڵەت. چەندین دۆسیەشمان ئێستا لە دادگەیە، دوایی دۆسیەشمان بردەوە کە ئێستا لە تێهەڵچوونەوەیە کە نزیکەی 2 ملیۆن دۆلارە کە لە کۆمپانیایەک بردمانەوە، ئەو پارەیەش بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە. ئەو کارانە هەمیشە دەکەین، هەندێک فەرمانبەر هەبووە پلەداریش بووە لە وەزارەت کاتێک کەمتەرخەمییەکی کارگێڕیمان لێ بینیوە داومانەتە داواکاری گشتی. 
 
رووداو: تا ئێستا کەس لە وەزارەتەکەی ئێوە لەسەر گەندەڵی دراوەتە دادگە و خراوەتە زیندان؟
 
ئانۆ جەوهەر: رێکاریان لە بەرامبەر گیراوەتە بەر، هێشتا بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
رووداو: تا ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە لەسەر دۆسیەیەک بانگهێشت نەکراوی؟
 
ئانۆ جەوهەر: لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و گواستنەوە و گەیاندن، کاک لوقمان وەردی دووجار دیدارمان هەبووە، لە لیژنەکان بە خزمەتیان گەیشتووین، ئەوانیش دووجار تەشریفیان هێناوە هاتوونەتە وەزارەت، بەپێی یاسا و رێنمایی وەڵامی دەیان پرسیاری پەرلەمانتارانمان داوەتەوە، دەرگای وەزارەتیش کراوەتەوە بۆ گشت ئەندامانی پەرلەمان بۆ ئەوەی کاری چاودێری خۆیان بکەن.
 
رووداو: داهاتی وەزارەتەکان ئەمساڵ چەند بووە؟
 
ئانۆ جەوهەر: ئێستا داتا و ژمارەکانمان لانییە، بەڵام دەتوانم باسی ئەوەت بۆ بکەم کە ئێمە وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەو رۆژە توێژینەوەیەکمان کرد کە چەند هەلی کارمان لە کوردستان دروستکردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان و پۆستە و گەیاندنی شار و شارۆچکەکان، 2 هەزار و 784 هەلی کاریان دروستکردووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ئاسنی و ترام وای، 34 هەزار و 898 هەلی کاریان دروستکردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆستە و گەیاندن، 7 هەزار 249 هەلی کاریان دروستکردووە. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، 7 هەزار 150 هەلی کار دروستکراوە. 
 
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، 2 هەزار و 144 هەلی کار دروستکراوە. لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەزەزانی 251 هەلی کار دروستکراوە. ژمارەی تەکسییەکانی هەرێمی کوردستان کە هەر تەکسییەک هەلی کارێکە، 76 هەزار تەکسییە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە دەوروبەی 5 هەزار و 400 فەرمانبەرمان هەیە، بەڵام 130 هەزار و 276 هەلی کاری دروستکردووە. 
 
رووداو: بەڵام دواتر داهاتەکەمان بۆ بنێری سوپاس دەکەین.
 
ئانۆ جەوهەر: بەسەرچاو بۆت دەنێرم.
 
[بەپێی ئەو ئامارەی وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بە تایبەت دوای هەڤپەیڤینەکە بۆ رووداو ناردوویەتی داهاتی وەزارەتەکەیان بە دۆلار و دینار بەم شێوەیەی خوارەوەیە.] 
 
"زیاتر لە 405 ملیار دینار و زیاتر لە 132 ملیۆن دۆلار." 
 
رووداو: باسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرت کرد، گوتیان فراوان دەکرێت، گەیشتە کوێ؟
 
ئانۆ جەوهەر: خەریکین، گەراجێک دروست دەکرێت، هەروەها لە تەنیشت فڕۆکەخانەکە تێرمیناڵێکی نێودەوڵەتیی بارهەڵگر دروست دەکرێت، بیرۆکە هەیە مەدرجەکان گەورەتر بکرێت. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر یەکێکە لە سەرکەوتووترین فڕۆکەخانەکان لەسەرتاسەی عێراق، هەروەها هی سلێمانی. ئێمە هەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکەین باشترین پێشکێش بە هاووڵاتییان بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە