د. جەمال کۆچەر: بەبێ یەکڕیزیی ماڵی کورد بەشداریی حکومەت ناکەین

23-11-2025
رێبوار عەلی
د. جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق
د. جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان مەرجی بەشداریکردنی حیزبەکەی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە "یەکڕیزیی ماڵی کورد" دەبەستێتەوە و رایدەگەیێنێت، ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت لە بەغدا "دۆڕاو و لاواز" دەبێت. هاوکات نەخشەڕێگایەکی هەشت خاڵیش بۆ یەکخستنی گوتاری کورد دەخاتەڕوو.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری سەرکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا، رۆژی یەکشەممە 23-10-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆشداریی لە دۆخی پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان دا و رایگەیاند، "پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەڕوات، جێگەی داخە کە ماڵی کورد زۆر پەرتەوازەیە."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو، شاندە کوردییەکان بە جیا دەچنە بەغدا و وەک یەک هێزی سیاسی دانوستاندن ناکەن، ئەمەش وایکردووە "بکەونە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لایەنە شیعییەکانەوە."
 
"ئەگەر یەکگرتوو نەبین، لاواز دەبین"
 
د. جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە عەرەبییەکان، سوننە و شیعە، یەکگوتارن، "ئەوان یەکگرتوون و وەرەقەیەکیان بۆ حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز ئامادە کردووە. مەرج بەسەر لایەنە کوردییەکاندا دەسەپێنن. ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت و وەرەقەیەکی کۆنکرێتی نەبێت، ئەوا پەرتەوازەیی نێوخۆمان دەقۆزنەوە و زۆر لاواز دەبین."
 
نەخشەڕێگای 8 خاڵیی یەکگرتوو
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، یەکگرتووی ئیسلامی پڕۆژەیەکی 8 خاڵیی بۆ یەکخستنی ماڵی کورد ئامادە کردووە و پێشکێشی لایەنە سیاسییەکانی دەکەن، کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
 
1- پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی دانوستاندنکار: شاندێکی باڵای هاوبەش لە نوێنەری پارتی، یەکێتی، لایەنە براوەکان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی یاسایی و ئابووری پێکبهێندرێت و هیچ لایەنێک بە تەنیا دانوستاندن لەسەر پۆست نەکات.
 
2- ئامادەکردنی وەرەقەی هاوبەشی دانوستاندن: "میثاقی شەرەف"ێک یان وەرەقەیەکی هاوبەش لە هەولێر ئامادە بکرێت کە داواکارییەکانی کورد لەخۆبگرێت و هەمووان پێوەی پابەند بن.
 
3- دیاریکردنی هێڵی سوور: پێش بەشداریکردن لە حکومەت، چەند پرسێکی چارەنووسساز وەک هێڵی سوور یەکلا بکرێنەوە، لەوانە:
 
- بودجە و مووچە: پشکی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ بیانوویەک رەوانە بکرێت.
 
- پێشمەرگە: وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 
- ناوچە کوردستانییەکان: دەست بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بکرێت.
 
- یاسای نەوت و گاز: لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت.
 
4- دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردن: خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو هێڵە سوورانە دابنرێت، بۆ نموونە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی حکومەتدا.
 
5- یەکلاکردنەوەی پۆستەکان لەنێو ماڵی کورددا: پۆستەکان، بەتایبەت سەرۆککۆمار، لە کوردستان یەکلابکرێنەوە، بۆئەوەی "شەڕەکە نەبەینە بەغدا." د. جەمال کۆچەر جەختی کردەوە، پۆستی سەرۆککۆمار "هێڵی سوورە و دەبێت بۆ کورد بێت."
 
6- پێکهێنانی ژووری هەماهەنگیی بەردەوام: بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکان، ژوورێکی هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت و بەردەوام کۆببێتەوە.
 
7- یەک ستراتیژیەتی دانوستاندن: هەموو لایەنەکان لەسەر یەک ستراتیژیەت رێکبکەون و هیچ لایەنێک بە تەنیا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆنەبێتەوە.
 
8- چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان: ناکۆکییەکان لە ژوورێکی داخراودا چارەسەر بکرێن و شەڕی راگەیاندن رابگیرێت.
 
مەرجی یەکگرتوو: یان یەکڕیزی، یان ئۆپۆزیسیۆن
 
د. جەمال کۆچەر داوای کرد رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان بە گەرەنتیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا، UN، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە بێت و لە پەرلەمانی کوردستانیش دەنگی لەسەر بدرێت.
 
لە کۆتاییدا مەرجی حیزبەکەی بۆ بەشداری لە حکومەت دووپاتکردەوە و گوتی، "یەکگرتوو یەک مەرجی هەیە، ئەویش یەکڕیزیی ماڵی کوردە. ئەگەر یەکڕیزی پێکنەیەت، بەشداریی حکومەت ناکەین. یان پێکەوە دەچینە حکومەتەوە، یان پێکەوە دەبینە ئۆپۆزیسیۆن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە