رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ یان سبەی رێگەیەکی کاتیی قیرنەکراو بۆ هاتووچۆ لە رێگەی گۆمەسپان - هەولێر دەکرێتەوە.
لە 13ـی ئەم مانگەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان، رێگەی هەولێر - گۆمەسپان داخراوە. عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگە کۆنەکە ئێستا هەندێک کەس بەکاری دەهێنن، بەڵام خراپە و بە یەک بارانی دیکە تەواو تێکدەچێتەوە".
بڕیارە رێگەیەکی کاتیی خۆڵ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان دروستبکرێت کە درێژییەکەی سێ کیلۆمەتر و نیوە، عیماد محەممەد گوتی، "بەگوێرەی بەڵێندەر، رێگەکە ئەمڕۆ یان سبەی دەکرێتەوە".
رێگەی پێشنیازکراو بۆ جێگرتنەوەی رێگە کۆنەکە نۆ کیلۆمەتر و نیوە؛ بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر گوتی، "لە قۆناخی دیزاندایە".
رێگەی گۆمەسپان – هەولێر بە یەکێک لەو رێگە سەرەکییانە دادەنرێت، کە هاونیشتمانیانی بەشێکی شارەکان پێیدا دێنە هەولێر و بەپێچەوانەوە، هەر کەسێک ئەو رێگەیەی پێویست بێت دەبێت رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە سلێمانییەوە بێت دەبێت لە سماقووڵییەوە نەیەت و لە کۆیەوە بێتە هەولێر؛ ئەوانەشی لە بناری سەفینەوە دەیانەوێت بچنە هەولێر، دەبێت تونێلی پیرمام بەکاربهێنن؛ ئەوانەش لە رانیەوە دێن رێگەی شەقڵاوە بەکاربهێنن و پێچەوانەکەشی بۆ هەموو رێگەکان دروستە.
بەنداوی گۆمەسپان قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە؛ ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 95 ملیار دینار دروست دەکرێت؛ پڕۆژەکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و تاوەکو ئەمڕۆ 65%ـی کارەکانی تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ