رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 50 کەسایەتیی دیاری کورد و ئەڵمان، لە رێگەی رێکخراوی Hawar.help نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا لە ئاستی حکومەتی ئەو وڵاتە و یەکێتیی ئەورووپا کرد و داوای هەنگاوی بەپەلە بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
نامەکە لەلایەن چەندین رێکخراوەوە، لەوانە "جڤاتی کوردی لە ئەڵمانیا" و کەسایەتیی ناسراوی وەک؛ دێنیس ئونداڤ، ناتالیا ڤۆرنەر، هافتبفێل، بێریڤان ئیماز، دووزەن تەکال، کەی سی رێبێل، یاسمین تەباتەبای، پڕۆفیسۆر یان ئیلهان کزلهان، سۆلین یوسف، شتێفانی سارگناگل و چەندین کەسایەتیی دیکە واژۆ کراوە و بەتایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداویش نێردراوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی نامەکە، کە میدیای بەناوبانگی ئەڵمانی "زی دی ئێف"یش بڵاویکردووەتەوە، دۆخی مرۆیی و سەربازی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی مەترسیدار تێکچووە. ئاماژە بەوە کراوە "حکومەتی کاتیی سووریا و گرووپە چەکدارە ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی و ئەو هێزانەی لە تورکیاوە نزیکن"، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
لە نامەکەدا هۆشداری دراوە بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوانی دژ مرۆڤایەتی کراوە و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی لێکەوتووەتەوە، هەروەها هێرشکراوەتە سەر وێستگەکانی کارەبا و نەخۆشخانەکان، ئەوەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشی زیاد کردووە.
داواکاریی واژۆکارانی نامەکە لەم خاڵانەدا چڕبووەتەوە:
• گرتنەبەری هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسیی بەپەلە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و دروستکردنی گوشار لەسەر دیمەشق و تورکیا بۆ راگرتنی شەڕ.
• هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
• کارکردن بۆ ناردنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ حکومەتی کاتیی سووریا.
• هەڵوەشاندنەوەی سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ئەڵمانیا و بانگکردنی باڵیۆزی تورکیا بۆ وەزارەتی دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ