رووداو- هەولێر
بەشی چالاکیی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە نووسراوێکدا داوا لە سەرجەم پەروەردەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەکات سەرجەم کار و چالاکی و فیستیڤاڵەکان لە باخچەکانی منداڵان و قوتابخانەکان لە مانگی ئادار رابگرن.
لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێردا هاتووە، "بە مەبەستی پاراستنی گیان و تەندروستیی قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئاگادارتان دەکەینەوە کەوا سەرجەم کار و چالاکی و فیستیڤاڵەکان لە مانگی ئاداردا لە سەرجەم باخچەکانی منداڵان و قوتابخانەکان رابگرن".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، "هەر لایەنێک پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت".
هەروەها رۆژی شەممە 22-02-2020 بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڕیاریدا سەرجەم چالاکییەکان لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانی رابگیرێت و رایگەیاند، "لەپێناو پاراستنی گیانی قوتابیان، خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانە".
هەر لە چوارچێوەی رێکارەکان بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخران.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو رێکارانە تەنها بۆ خۆپارێزی و پێشگیرییە لە ڤایرۆسەکە، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ