رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سبەیەوە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی پردێک لە نزیک داقووق، بەشێک لە رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک بۆ دووزخورماتوو دادەخرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نۆژەنکردنەوە، یەکێک لە ئاراستەکانی رێگەی نێوان کەرکووک و خورماتوو بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت."
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە کاری چاککردنەوە لە پردی نزیک بازگەی "شەهید لیوا سەباح سەفەر" ئەنجام دەدرێت، کە دەکەوێتە سنووری نێوان هەردوو قەزای دووزخورماتوو و داقووق.
بەپێی راگەیێندراوی هاتووچۆ: "ئەو سایدەی رێگەکە کە لە کەرکووکەوە بەرەو خورماتوو دەڕوات بە تەواوەتی دادەخرێت و هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان دەگوازرێتەوە بۆ سایدی بەرامبەر؛ ئەم گۆڕانکارییەش تەنیا بۆ مەودای دوو کیلۆمەتر دەبێت و لەو سنوورەدا هاتووچۆ بۆ هەردوو ئاراستە بە یەک ساید بەڕێوەدەچێت."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات لە کاتی گەیشتنیان بەو شوێنە، بەوپەڕی وریاییەوە شۆفێری بکەن و پابەندی خێرایی دیاریکراو بن تاوەکو لە رووداوی نەخوازراوی هاتووچۆ بەدوور بن.

.jpeg&w=3840&q=75)
