رووداو دیجیتاڵ
ئەمە رێپێوانی وەرزشڤان و ژینگەپارێزانە لە قەڵای رووم سەر بە شارۆچکەی نزیب لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان و چالاکییەکە دژی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە.
ئەم هەفتەیە، 77 وەرزشڤان و ژینگەپارێز بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و تووندوتیژی، لە کەنارەکانی چەمی فورات چالاکییەکیان کرد.
وەرزشڤانان دەڵێن، "گەنجانمان داهاتوومانن" و پێویستە لە بەرامبەر ماددە هۆشبەرەکان بپارێزرێن.
ئەرهان یومرو، چیاڤانە و دەڵێت، "ئێمە ئێستا هاتووینەتە قەڵای رووم. بۆ رێپێوانی سرووشت هاتووین. نزیکەی 70 کەس هاتووین و بۆ گەنجانی کورد رێپێوان دەکەین. حەز ناکەین گەنجانمان بکەونە شوێن شتی خراپ، وەکو مادەی هۆشبەر و شتی نەشیاو. با گەنجانمان بێن و لەنێو شاخەکاندا بگەڕێن و لەنێو دۆڵەکاندا پیاسە بکەن."
وەرزشڤانان لە چەندین شار و پیشەی جیاوازەوە بەشداریی چالاکییەکەیان کرد و لە کاژێر 11:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 05:00ـی ئێوارە بە پێ رۆیشتن.
سومەیرا دەمیر کایا، وەرزشڤانە و ئاماژە بەوە دەکات، "من لە شاری وان هاتووم. پێیانگوتم دەچیت بۆ ئەوێ چی دەکەیت، بەرد و شاخی لێ نییە. من هاتم، راستە بەردی لێ نییە، بەڵام شاخی هەیە. ئێمە لە قەڵای روومین و زۆر خۆشە."
وەرزشڤانان داوا دەکەن گەنجان گرنگی بە وەرزش بدەن و لە شتی خراپ دووربکەونەوە.
بەرفین بەییتمش، وەرزشڤانە و دەڵێت، "ئەم رێپێوانەی ئێمە بۆ رێگریکردنە لە مادە هۆشبەرەکان و ئەو تووندوتیژییەی لەنێو هاوڕێیاندا هەیە. مرۆڤ حەز دەکات بێت و بەنێو سرووشت و ژینگەدا بگەڕێت. ئەم شوێنە تەندروستە و مرۆڤ حەزی لێیەتی."
وەزیری دادی تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، 182 هەزار و 693 کەس لە گرتووخانەکاندان، کە دەکاتە 44٪ـی زیندانییان لە تورکیا و باکووری کوردستان. هەروەها لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی زیاتر لە 500 هەزار کەسی دیکەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ