دەستەبەری کۆمەڵایەتی: سندووقەکەمان زیاتر لە یەک تریلیۆن دیناری تێدایە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبوار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراون، گەیشتووەتە نزیکەی 300 هەزار کەس. دەشڵێت، "زیاتر لە تریلیۆنێک دینار لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدایە."
 
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەهۆی گرنگیپێدانی حکومەتەوە، ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە 84 هەزارەوە لە ساڵانی 2018 و 2019، ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 300 هەزار کرێکار.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین پڕۆژە و کرێکاری دەستەبەرکراو لە هەولێرن، چونکە پڕۆژەی زیاتری لێیە، دوای ئەو سلێمانی و پاشان دهۆک دێت. گوتیشی، "ئیدارە سەربەخۆکانی وەک سۆران، زاخۆ و گەرمیان، ژمارەی دەستەبەریان لە پارێزگای هەڵەبجە زیاترە، چونکە هەڵەبجە بەڕێوەبەرایەتییەکەی تازەیە، بەڵام لەوێش ژمارەکە روو لە زیادبوونە."
 
سەبارەت بە قەبارەی دارایی سندووقی دەستەبەر، مەریوان بەگۆک گوتی، "پارەیەکی یەکجار زۆری تێدایە و ئەوەی ئاگاداربم زیاتر لە تریلیۆنێک دینارە." ئاشکراشی کرد، ئێستا زیاتر لە هەزار کرێکار خانەنشین کراون و مانگانە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
 
لەبارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتیش، بەگۆک روونیکردەوە، هانی کرێکاران دەدەن پاداشتەکە وەرنەگرن و بەردەوام بن لە کارکردن تاوەکو خانەنشین بن، چونکە "خانەنشینی بۆ داهاتوویان زۆر باشترە، ئەگەر پاداشتەکە وەربگرن، ئەو ماوەیەی خزمەتیان بۆ هەژمار ناکرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار باسی لەوەش کرد، هەندێک کۆمپانیا هەموو کرێکارەکانیان دەستەبەر ناکەن، هۆکاری کەمیی پشکنینەکانیشی بۆ نەبوونی پێداویستی گەڕاندەوە و گوتی، "کێشەی کەمیی میلاک و نەبوونی پێداویستیی لۆجیستیمان هەیە، وەک ئۆتۆمبێل و بەنزین؛ بۆیە وەک پێویست ناتوانین پشکنین بۆ هەموو پڕۆژەکان بکەین، ئەم کێشەیەش لە هەموو شارەکاندا هەیە."
 
سەبارەت بە گلەیی هاووڵاتییان لە سیستمی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی، مەریوان بەگۆک روونی کردەوە کە ئەوە تەنیا نۆرەگرتنێکی کاتییە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لە سلێمانی و "کار لەسەر ئەوە دەکەین تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەینە ئەلیکترۆنی تاوەکو خاوەنکار لە شوێنی خۆیەوە کارەکانی رایی بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە