رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیەکی رێگەوبان لە سلێمانی، چەند ساڵێکە بە هێز و بازووی کۆمەڵێک کرێکار کارکردن تێیدا بەردەوامە؛ تۆڕی میدیایی رووداو بەدواچوونی بۆ ئەوە کرد، ئایا خاوەنکار کە کۆمپانیاکەیە، ئەو کرێکارانەی تۆمار کردووە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی یاخود نا؟ پرسیا رلە دوو کرێکار کرا، یەکەمیان دەستەبەریی بۆ نەکراوە و ئەوی دیکەیان بۆی کراوە.
بەدرەدین خەلیل، کرێکاری دەستەبەرنەکراو دەڵێت، "ئیشەکەم شۆفێری پەمپی کۆنکرێتکردنە، ساڵێکە لەم کۆمپانیایە کار دەکەم، هێشتا دەستەبەرم بۆ نەکراوە، خاوەنی کۆمپانیا دەڵێت، بۆت دەکەم."
هاوڕاز ئەحمەد، کرێکاری دەستەبەرکراو ئاماژەی بەوە کرد، "دەستەبەری کۆمەڵایەتیم بۆ کراوە، هەر سەرەتا کە هاتم پێیان گوتم، مانگانە شتێک پارەت لێدەبڕین بۆ حکومەتە و بۆ داهاتووی خۆتە."
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی نموونەیەک بۆ رووداو دەگێڕێتەوە کە خۆی لە دادگا بووە بە شایەتحاڵ تێیدا و دەڵێت، "لە دادگا شایەتحاڵی کرێکارێکم کە دەستەبەری بۆ نەکراوە. کرێکارەکە لەکاتی کارکردن کەوتووەتە خوارەوە، فەقەراتی شکاوە و ناتوانێت کار بکات، سێشەممەی رابردوو چوومە دادگا، سێشەمەی داهاتووش دەچمەوە."
بەپێی یاسا، سزای پێبژاردن دیاریکراوە بۆ ئەو خاوەنکارانەی کە کرێکار لە دەستەبەری کرێکارانی سەر بە وەزارەتی کار تۆمار ناکەن، یان مووچەیەکی کەمتریان بۆ دەنووسن.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەپێی مادەی 96 لە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەر خاوەنکارێک خۆی لە دەستەبەرکردنی کرێکار بدزێتەوە یان زانیاریی هەڵە بدات، سزا دەدرێت بە پێبژاردن."
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی رابردوو، 207 هەزار کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە، کە لەنێو 58 هەزار کۆمپانیا و پرۆژەدا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ