"سێ ساڵە ناهێڵن بچینەوە"؛ رێگە نادرێت دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی ئامێدی بگەڕێنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
حەیدەر دۆسکی
ژمارەیەک گەنج رێگەی سەرەکییان داخست
ژمارەیەک گەنج رێگەی سەرەکییان داخست
A+ A-

رووداو - ئامێدی

دانیشتووانی گوندەکانی دەڤەری بەرێگارە لە ئامێدی، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر رێگریکردن لێیان لە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و گوندەکانیان، رێگەی سەرەکیی نێوان ئامێدی و شێلادزێیان بە بلۆک داخست. ئەوان دەڵێن سێ ساڵە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە رێگەیان لێگیراوە.
 
گوندنشینان داوایان کرد رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان تاوەکو بتوانن کار و کاسبیی خۆیان بکەن. میکائیل ئەحمەد، یەکێکە لە ناڕازییەکان بە رووداوی گوت: "بمرین بۆ ئێمە لەم حاڵە خۆشترە؛ ئەوە ساڵێکە گەمارۆدراوین و ناهێڵن بچینە سەر گوندەکانی خۆمان. ئێستا کاتی کەزوان و سماق چاندنە و کاتی هەموو شتێکە."
 
محەممەد بەرگارەیی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، ناوچەکە ئارامە و مەترسیی نییە، بەڵام هێشتا رێگەیان پێنادرێت. ئەو دەڵێت: "لە پارەوە رێگەکە پارێزراوە و بێ کێشەیە، کەچی ناهێڵن بچین. چووینە لق و قایمقامیەت، هەر دەڵێن بەسەرچاو، بەڵام دوو هەفتەیە دەچین و دێین هیچ ناکرێت."
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گوێگرتن لە داواکاریی خەڵک، سەرەتا بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک گەیشتە شوێنی خۆپیشاندانەکە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام و رێگەکە بە داخراوی مایەوە. دواتر وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی گەیشتە نێو خۆپیشاندەران و لەگەڵ ریشسپی و موختارەکان کۆبووەوە.
 
قایمقامی ئامێدی بەڵێنی دا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات و بە رووداوی گوت: "بەهۆی ململانێکانەوە چەندین گوندی ئامێدی خەڵکەکەی نەیاندەتوانی بچنە سەر زەوییەکانیان، بەڵام دوای پرۆسەی ئاشتی، هیوای ئێمە و خەڵک ئەوەیە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی حکومەت خزمەتگوزارییان بۆ ببات. هەموو هەوڵێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین."
 
دوای نزیکەی کاژێرێک لە داخستنی، رێگە سەرەکییەکە کرایەوە. گوندنشینان بەربەستەکانیان لابرد و بڕیاریاندا "لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆیان" بچنەوە سەر گوندەکانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە