گالەری

رووداو- پیرمام/گوندی زیارەت
 
سەرتیپ سەردار، تەمەنی 27 ساڵە، ماوەی دوو ساڵە لە دەڤەرەکەیان، لە ناوچەی خۆشناوەتی، لە گوندی زیارەتی سەر بە شارۆچکەی پیرمام کاری کێڵانی زەویی قەدپاڵی شاخەکان دەکات.

ئەو گەنجە دەڵێت "کێڵانی ئەو خاکە بە شێوازە کۆنەکەی باشتر و جوانتر دەردەچێت، ئەگەر بە تراکتۆر بکرێت، زیانێکی زۆر لە رەز و باخەکان دەدات، هەروەها ناتوانرێت بە تەواوی هەموو شوێنەکان بکێڵدرێت".

سەرتیپ سەردار، لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەردەوامە لە خوێندن و قوتابیی پەیمانگەیە لە هەولێر، ئەو کاتانەی دەگەڕێتەوە گوندەکەیان بە کرێ بۆ جووتیارانی دەڤەرەکە، بە هەردوو هێستر و ماینەکەی هەوجاڕیان لێ دەبەستێت و جووتیان پێ دەکات.

ئەو شێوازی کێڵانە مێژوویەکی درێژی لە قەدپاڵی شاخەکانی کوردستان هەیە، زیاتر بە گا کراوە و ناونراوە گاجووت، بەڵام بە گوێدرێژ و هێستر و ئەسپ و ماینیش دەکرێت.