وەزیری دەرەوەی قەتەر: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی ئەرێنی بۆ سەقامگیریی عێراق هەیە

24-03-2021
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
ساتی پێشوازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەزیری دەرەوەی قەتەر
ساتی پێشوازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەزیری دەرەوەی قەتەر
نیشانەکردن کوردستان قەتەر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو- هەولێر 

وەزیری دەرەوەی قەتەر، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و پێکهێنانی ژینگەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بە ئەرێنی ناودەبات و رایدەگەیێنێت؛ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە عێراق رۆڵێکی گرنگ و میحوەرییە.
 
محەممەد عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. 
 
وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، دەرفەتی زۆر باش بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیە و کردنەوەی کۆنسوڵخانەی قەتەریش لە هەولێر دەبێتە زەمینەیەکی باش بۆ کارکردن لەسەر ئەو دەرفەتە ئابووری و سەرمایەگوزارییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن. 
 
محەممەد عەبدولڕەحمان ئەلسانی لە بەغدا بە مستەفا گۆران پەیامنێری رووداویشی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی بۆ هەبوونی سەقامگیریی لە عێراقدا هەیە. 
 
رووداو: لەبارەی ئەو دیالۆگە نێوخۆییەی کە بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی بۆ کرد و پێش ئەو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای ئەنجامدانی کرد. تێڕوانینی حکومەتی قەتەر لەبارەی رۆڵی کورد لە دیالۆگی نیشتمانی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا چییە؟ 
 
وەزیری دەرەوەی قەتەر: هەرێمی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە عێراق و گەلی کوردیش بەشێکە لە گەلی عێراق. پێمانوایە بانگهێشتکردن بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی پێویستە گشتگیر بێت و سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەبێ سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەخۆبگرێت. رۆڵی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و میحوەرییە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی ئەرێنی بۆ سەقامگیریی عێراق و پێکهێنانی ژینگەیەکی نیشتمانیی گشتگیر هەیە و ئێمەش هانی ئەمجۆرە هەنگاوانە دەدەین و هیوادارین هەموو لایەک و پێکهاتەیەک بەئەرێنی بەشداریی پێبکرێت، بەتایبەتی لەم جۆرە دەستپێشخەریانەدا. 
 
 
وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ گەیشتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ هەریەکە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی وڵات و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. 
 
پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان بوون. 
 
 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی ئێمە، ئەمڕۆ بەسوپاسەوە شێخ محەممەد عەبدولرەحمان ئالسانی سەردانیکردین. لە دیدارەکاندا چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێکران، بەتایبەتی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاندانی کۆمپانیاکانی قەتەر بۆ وەبەرهێنان لە عێراق؛ هەروەها دۆخی ناوچەکە و میکانیزمی هاوئاهەنگیکردن بۆ سەقامگیری ناوچەکە و درێژەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بابەتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیش تیشکیان خرایەسەر". 
 
قەتەر وڵاتێکی گرنگی ناوچەی کەنداوە و کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتەش لە هەولێر، هەنگاوێکی نوێیە لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و هەولێر. 
 
ئێستا 41 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی و نووسینگەی بازرگانیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن. بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەکەی، قەتەر دەبێتە هەشتەمین وڵاتی عەرەبی کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەولێر بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا

گەنجترین سەرۆکوەزیرانی ئەورووپا پشتیوانی کوردە

سێ هەفتەیە لە هۆڵەندا حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکوەزیرایەتیی (رۆب یێتن) دەستبەکار بووە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.