گالەری


رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی تەسبیح فرۆشان لە هەولێر بەردەوام قەرەباڵخە بەتایبەت رەمەزانان، چونکە ئەم مانگە خواست لەسەر تەزبیح زیاد دەکات و خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی تەسبیح، روو لە بازاڕەکە دەکەن. بەگوێرە جۆرەکەی نرخی تەسبیح دەگۆڕێت و تاوەکو هەزار دۆلاریش دەچێت.
 
ئیبراهیم مەلا زادە، تەسبیح فرۆش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێر زیاتر لە چوار جۆری تەسبیح خواستی لەسەرە، کە ئەوانیش تەسبیحی 33 دەنکی، 41 دەنکی، 63 دەنکی و 101 دانکی کە ئەمانە کڕیاریان زیاترە.
 
ئەو تەسبیح فرۆشە باسی لەوە کرد، لە مانگی رەمەزاندا زیاتر تەسبیحی 101 دەنکی خواستی لەسەرە و خەڵك حەزیان بەوجۆرەیە بۆ بەکارهێنان، چونکە بۆ زیکر و پاڕانەوە و نزاکردن خۆشتر و ئاسانترە.
 
نرخی تەسبیحەکان جۆراوجۆرن، تەسبیح هەیە نرخەکەی زیاتر لە هەزار دۆلارە. ئیبراهیم مەلا زادە گوتی، هەندێکیان هاوردە دەکرێن و هەندێکیشیان خۆماڵین. گوتیشی، ئەوانەی خۆماڵین بریتین لە جۆری قەزوان کە ئەو جۆرەیان تەنیا لە کوردستان هەیە و بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت، هەروەها قەزوانیش چەند جۆری هەیە: قەزوان و لاسوورە و بەرزنجە و تەیلەق و کارەبا و باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیکە کە هەر یەکێک لەوانەش نرخێکی تایبەتی خۆی هەیە. 
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە تەسبیح فرۆشە، چەند جۆری تەسبیحی گرانبەها هەیە لە جیهاندا وەکو کارەبای ئەڵمانی و کارەبای رووسی و کارەبای پۆلۆنی، بەڵام گرانترینییان جۆری کارەبای ئەڵمانییە کە نرخی یەک گرامی دەگاتە 60 دۆلار.