رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە گەڕەکی شۆڕشی قەزای بەردەرەش، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە تەقە لە ماڵێک کرا و لە ئەنجام دا دوو مێرمنداڵ بە سەختی بریندار بوون؛ پۆلیسیش دەڵێت، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکەیان دەستگیر کردووە.
موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە و لە ئەنجام دا دوو مێرمنداڵی تەمەن 10 و 14 ساڵ بریندار بوون.
دواتر لە راگەیێندراوێک دا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 9:00ـی ئەمشەو لە گەڕەکی شۆڕش لە سەنتەری قەزای بەردەرەش روویداوە، بریندارەکانیش مێرمنداڵێک بە ناوی (د. م. ع) تەمەن 14 ساڵ و منداڵێک بە ناوی (م. ن. م) تەمەن 10 ساڵن، کە هەردووکیان بە سەختی بریندار بوون.
لەبارەی رەوشی تەندروستیی بریندارەکانەوە، بەپێی راگەیێندراوی پۆلیس، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، هەردووکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراون.
سەبارەت بە ئەنجامدەرانی رووداوەکە، پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت: "هێزەکانی پۆلیسی قەزای بەردەرەش توانییان تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە بە ناوی (م. ط. ش)، کە تەمەنی 22 ساڵە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەی دا بگرن."
هەروەها پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەرەش و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان دەستگیر کراوە. دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی بەردەرەش کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ