کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: زیاتر لە 2000 ئاوارە لە کەمپەکانی هەولێرن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی دەیان خێزانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا، کە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان.
 
عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 2 هەزار و 100 ئاوارەی ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەنبار، سەلاحەددین و نەینەوا لەنێو کەمپەکانی هەولێرن، کە زۆربەیان خەڵکی نەینەوان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راشیگەیاند، "گفتوگۆمان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەستیپێکردووە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی لە چەند کەمپێکی هەولێر نیشتەجێن، کە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگاکەیان ئاوارە ببوون، بەڵام رێکخراوەکان پێیان گوتووین پارەیان کەمە و بودجەی پێویستییان لەبەردەست نییە."
 
عەلی جەهانگیر دەڵێت، وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان، ئەوەش لە رێگەی ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان؛ بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا، کە رێگەی خۆشکردووە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان.
 
بە گوتەی عەلی عەباس، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی تیرۆر کراوە، بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی کارپێکردن و تاوتوێکردنی بەردەوامیی کارەکان لە ناوچە رزگارکراوەکان، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی خێزانەکانی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دوای چارەسەرکردنی هەموو کێشە تەکنیکی، یاسایی و کارگێڕییەکان.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گوتی، "چاوەڕێی وەزیری نوێین بۆ وەزارەت تاوەکو بابەتەکانی پەیوەست بە کۆچبەران چارەسەر بکرێن و حکومەتی نوێ بە تەواوی پێکبهێنرێت."
 
عەلی جەهانگیر ئاماژەی بە دیارترین کێشەی ئاوارەکان دا گوتی، "هەندێک لە ئاوارەکان کێشەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان هەیە و فەوتاون، هەندێکیان خانوو و ماڵەکانیان وێران بوون، هەندێکیشیان کێشەی عەشایەرییان هەیە؛ ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن، ئەوانیش دەگەڕێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنێک لە ئاسمان.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ رووداو: بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر کەمپەکەمان لە خەلیفان

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری قەزای خەلیفان بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپێکیان و دەڵێت، "دوو لە درۆنەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون."