رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی شەممە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا؛ هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی لە ناوچەکەدا هەیە.
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەربڕی و ستایشی دەستپێشخەرییەکانی کرد، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە کردەوە کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستاندان.
لای خۆیەوە، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیرییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووش، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە لەم قۆناخەدا پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیریی ناوخۆیی ئەرکی لە پێشینەی هەموو لایەکە.
سەلاحەدین بابەکر: هەڵوێستی کاک مەسعود زۆر باشە
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک بارزانی و سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "هەڵوێستی کاک مەسعود زۆر ئەرێنییە، ئەو نیگەرانە لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دۆخی پەرلەمان و حکومەت."
سەلاحەدین بابەکر گوتی: "کاک مەسعود دەیەوێ بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت."
"کاک نێچیرڤان زۆر زۆر پاڵپشتی دەستپێشخەرییەکەیە"
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کە دوێنێ شەممە کرا، بۆ رووداو گوتی: "کاک نێچیرڤان خۆی زۆر زۆر پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکە بوو و داوای لە مامۆستا سەلاحەدین کرد بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست."
کەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؟
سەلاحەدین بابەکر گوتی: "ئێمە هەستمان کرد هەردوولا (پارتی و یەکێتی) نیەتییان باشە، بۆیە پێشبینی دەکەین لە دوای جەژنی قوربان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە، تاوەکو گلەیی و تێبینیی و داواکانیان رووبەڕوو لەگەڵ یەک باس بکەن بۆ ئەوەی گرێکوێرەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە."
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "ئێمە بە باشی دەزانین کۆبوونەوەکەیان دوو قۆڵی بێت، بەڵام ئەگەر داوا بکەن، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئامادەیە وەکو نێوەندگیر بەشداری بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ