رووداو دیجیتاڵ
زیادبوونی سەگی بەرەڵڵا لە نێو بازاڕ و گەڕەکەکانی رانیە ترسی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە. سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت، دەرخستەیەکیان بە بڕی 400 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی شەڵتەرێک ئامادە کردووە، بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەهۆی هەندێک "تێبینی" گەڕێندراوەتەوە.
ئەحمەد مەلا وسوو، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین، دەرخستەیەکیان بە بڕی 300 بۆ 400 ملیۆن دینار تەنیا بۆ دروستکردنی شەڵتەرێک لە دەرەوەی سنووری شارەوانی ئامادە کردووە.
سەبارەت بە چارەنووسی دەرخستەکە، ئەحمەد مەلا وسوو گوتی: "دەرخستەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕێندراوەتەوە و دەڵێن کەموکوڕیی تێدایە؛ بە وردی ئاماژە بە کەموکوڕییەکان نەکراوە و ئێستا لە پەیوەندیداین تاوەکو بۆمان بنێرنەوە و چاکی بکەین."
سەرۆکی شارەوانیی رانیە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵڵا تەنیا دروستکردنی باڵەخانە نییە، بەڵکو پێویستی بە بودجەیەکی بەردەوام هەیە بۆ دابینکردنی خۆراک، ئیدارەدان و چاودێریی پزیشکی لەلایەن تیمەکانی ڤێتێرنەرییەوە.
سەبارەت بە هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ چارەسەری کێشەکە، سەرۆکی شارەوانیی رانیە گوتی: "پار ویستمان بە شێوەیەکی کاتی لە باخچەیەکدا کۆیان بکەینەوە بۆ ئەوەی زیانیان بۆ هاونیشتمانیان نەبێت، بەڵام دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دژی پڕۆژەکە وەستانەوە و قبووڵیان نەکرد، بۆیە پڕۆژەکە بە نیوەچڵی جێهێڵدرا."
شارەوانیی رانیە لە پلانیاندایە ئەگەر بودجەی حکومەتیش دابین نەکرێت، پەنا بۆ داهاتی "پڕۆژەکانی بەخشین" ببەن؛ ئەو کۆمپانیایانەی زەوی بازرگانی وەردەگرن و پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە.
بە گوتەی ئەحمەد مەلا وسوو، گرفتی گەورە لە قۆناخی دوای دروستکردنی شەڵتەرەکە دەستپێدەکات، کە ئەویش دابینکردنی تێچووی رۆژانەی بەخێوکردن و چارەسەری تەندروستیی سەگەکانە، کە بودجەیەکی بەردەوامی دەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ