رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی دابەشکراون. دەشڵێت: "چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 8 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان."
بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی دابەشکردنی زەوی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خستەروو.
سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی، بڵند زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە لە سنووری شارەوانیی ئاکرێ 8 هەزار و 800 فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاماژەی بە وردەکاریی پڕۆسەکە کرد و رایگەیاند، تاوەکو 2,100 پارچە زەوی دابەشکراون، لە قۆناخی یەکەمدا تیروپشک بۆ 1,509 پارچە زەوی کراوە و بڕیارە رۆژی 11ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، تیروپشک بۆ پاکێجێکی دیکە بکرێت کە نزیکەی 1,400 پارچە زەوی لەخۆدەگرێت.
بڵند زێباری دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە کێشەی کەمیی زەوییان نییە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ماستەرپلانی ئاکرێ فراوان بووە، زەوی پێویستمان لەبەردەستدایە و پێویستمان بە کوژاندنەوەی نوێ نییە.
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ باسی لەوە کرد کە بەهۆی فراوانبوونی سنووری شارەوانییەکەیان، ئێستا 47 گەڕەک لە ژێر چاودێریی ئەواندان. راشیگەیاند: "ئێستا چوار پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری وەک قیرکردن، کۆنکرێت و دروستکردنی ئاوەڕۆ بە گوژمەی نزیکەی 8 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان."
زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە سروشتی شاخاوی و تۆپۆگرافیای سەختی ئاکرێ وایکردووە تێچووی پڕۆژەکان بەرز بێت، هاوکات گرفتی نەختینە (کاش) هەندێکجار کارەکانی سست کردووە.
سەبارەت بە پرسی ژینگە و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە رۆژانی جەژندا، بڵند زێباری گوتی: "رۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی 70 تۆن زبڵ لە ناو شاری ئاکرێ کۆدەکرێتەوە، بەڵام لە رۆژانی جەژندا ئەم بڕە زۆر زیاتر دەبێت."
داواشی لە گەشتیاران و هاونیشتمانیان کرد پارێزگاری لە ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، بە پێچەوانەوە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک ژینگە پیس بکات رووبەڕووی پێبژاردن و سزای دارایی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ