رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گەیشتنی تەمویل لە بەغداوە دەکات بۆ راگەیاندنی لیستی مووچە و سەرچاوەیەکیش دەڵێت: "هەوڵ دەدرێت لە رۆژانی جەژنیشدا فەرمانبەران بتوانن مووچەکانیان وەربگرن."
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر کاتێک پارە تەمویل بکرێت، وەزارەتی دارایی لیستی مووچە رادەگەیێنێت. ئەگەر سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت، هەر سبەی لیستەکە بڵاودەکرێتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنەکەدا بکرێت بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، بەو پێیەی جەژن نزیکە. گوتیشی: "هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە کە فەرمانبەران ئەگەر پێش جەژنیش نەبێت، لە رۆژانی جەژندا بتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی ATM و پرۆژەی (هەژماری من) پارە رابکێشن."
لەبارەی ئەوفەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا نەچوونەتە ناو پرۆژەی (هەژماری من) و راستەوخۆ لە بانکەکان مووچە وەردەگرن، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ ئەو کەسانەی لە بانکەکان مووچە وەردەگرن، بیر لە رێگەیەک دەکرێتەوە لە کاتی گەیشتنی مووچەکەدا بۆ ئەوەی ئەوانیش بێبەش نەبن و بتوانن مووچەکانیان وەربگرن."
ئەمڕۆ پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکان تەواوکران و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 5ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی واژۆ کرد. تەنیا ماوە تەمویل بکرێت بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە رووداوی گوت: سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزیری دارایی راسپاردووە مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک دوو رۆژە لە بەغدایە. سەرۆکوەزیران گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا باسی مووچەش کراوە و گفتوگۆکان ئەرێنی بوون.
یەکەم جارە بە واژۆی فالح ساری، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ