رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی هەولێر، یەکێک لە یانە ناسراوەکانی کوردستان و عێراق، بەنێو قەیرانێکی ئیداری و دارایی قووڵدا تێپەڕ دەبێت، کە داهاتووی یانەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی سێیەم لە خولی نایابی عێراق، کێشە کەسییەکان، تۆمەتبارکردنی یەکدی بە "خیانەت"، سڕکردنی بەرپرسانی باڵا و قەرزێکی زۆر، وایکردووە یانەکە لە لێواری هەڵوەشانەوە نزیک ببێتەوە.
ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە سەرۆک، سکرتێر و بەرپرسی دارایی یانەکە لە پۆستەکانیان سڕکراون. پشتیوان شبیب، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "سەرۆک و سکرتێر و بەرپرسی دارایی یانەکەمان سڕکراون و جێگری سەرۆکی یانەش لە ئەڵمانیایە، ئەی کێ یانەکە بەڕێوەببات؟"
ئەم بۆشاییە ئیدارییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر یاریزانان و داهاتووی تیپەکە داناوە. شبیب ئاماژەی بەوەدا کە گرێبەستی یاریزانان پێویستی بە واژۆیە، بەڵام "کەس لە یانە نییە واژۆ بکات." راهێنەر و یاریزانان هۆشدارییان داوە کە ئەگەر تاوەکو سێشەممەی ئەم هەفتەیە گرێبەستەکانیان نوێ نەکرێنەوە، یانەکە جێدەهێڵن.
سەفین یاسین، سەرۆکی سڕکراوی یانەی هەولێر، بە راشکاوی دوێنێ شەممە بە رووداوی گوت، "خیانەتێکی زۆر گەورە" لە یانەکە کراوە و "دەستێک لەنێو یانە هەیە، دەبێت دەربکرێت." ئەو پێی وایە کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ بەربژێرێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، خیانەتیان لە حیزب و یانەی هەولێر کردووە.
بەڵام ئاڵا دێدەوان، سکرتێری سڕکراوی یانەکە، رەتیدەکاتەوە کوتلەکاری لەنێو یانەکەدا هەبێت و ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەرپرسیار، کێشەکەی بۆ "ئیداریی" گەڕاندەوە نەک "کەسی."
ئاڵا دێدەوان، روونیکردەوە کە ناکۆکییەکە لەسەر بەربژێربوونی ئەو بۆ هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سەریهەڵداوە، کە سەرەتا سەفین یاسین رەزامەند بووە، بەڵام دواتر ویستوویەتی خۆی بەربژێربێت بەبێ رەزامەندیی دەستەی کارگێڕی.
هاوکات قەیرانێکی دارایی سەخت بەرۆکی یانەکەی گرتووە. جێماو کاڕەش، بەرپرسی دارایی یانەکە، بۆ رووداو ئاشکرایکرد کە یانەکە "ملیارێک و 250 ملیۆن دینار"ی مووچەی یاریزانان قەرزارە، کە 380 ملیۆن دیناری هی سێ مانگی رابردووە.
سەفین یاسین، سەرەڕای ئەوەی جارێک دەڵێت "یانەی هەولێر کێشەی دارایی نییە،" لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێت کە یانەکە 3.5 ملیار دینار قەرزارە، هەرچەندە پێیوایە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و دەڵێت، "ئۆتۆمبێلی خۆم بفرۆشم ناهێڵم یانەی هەولێر کێشەی هەبێت."
ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی یانەکەدا نەماونەتەوە و گەیشتوونەتە دادگە. جگە لەوەی بابەتی "درێسەکان" رەوانەی دادگە کراوە، بەپێی نووسراوێکی فەرمی دادگای کەتنی هەولێر، سکاڵا لەسەر سەفین یاسین تۆمارکراوە و دادگە بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی دادگاییکردنی داوە تاوەکو ئامادە دەبێت، هاوکات بڕیاری دانانی ئاماژەی راگرتن لەسەر موڵک و ماڵەکانی دەرکردووە. ئاڵا دێدەوانیش دەڵێت، سڕکردنەکەی لەسەر سکاڵایەکی کەسیی سەرۆکی یانە بووە و لە هەمان رۆژی تۆمارکردنی سکاڵاکە، بڕیاری سڕکردنی دەرچووە.
پشتیوان شبیب، بە نیگەرانییەوە دەڵێت، "یانەی هەولێر وەک منداڵێکی هەتیو ماوەتەوە، بێخاوەنە." ئەو داوا لە بەرپرسانی باڵای حکومەت دەکات بێنە سەر هێڵ و چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی یانەی هەولێر بدۆزنەوە، پێش ئەوەی یانەکە بەرەو هەڵدێرێکی مەترسیدارتر بڕوات."تاوەکو دوو یاری داهاتوو کێشەکان چارەسەر نەکرێت، منیش هەر بە لای یاریگەشدا ناچمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ