هۆكاری سەربڕینی ژن ‌و مێردەكەی سلێمانی ئاشكرا دەکرێت

24-06-2017
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن سلێمانی رووداوی کوشتن
A+ A-

رووداو- سلێمانی

ئەو ژن ‌و مێردەی شەوی رابردوو لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، بە سەربڕوای دۆزرانەوە، سەرەداوی نوێ‌ لەبارەی هۆكاری سەربڕینەكەیان ئاشكرا بوو، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "بەپێی قسەی كەسوكارەكەیان، لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ژن ‌و ژنخوازی كوژراون".


سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای گەیشتنی كەسوكاری ژن ‌و مێردە سەربڕاوەكە بە سلێمانی ‌و وەرگرتنی گووتە لێیان، شتی نوێمان بۆ دەركەوت. بەپێی قسەی كەسوكارەكەیان، ئەم ژن ‌و مێردە ماوەیەكی زۆرە لەسلێمانین ‌و پێش هاتنیشیان بۆ سلێمانی كێشەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی ژن‌ و ژنخوازیان لە هەولێر هەبووە، تەنانەت ژنەكە پێشتر چوار منداڵی هەبووە، كەسوكارەكەشیان گومانی ئەوە دەكەن لەسەر ئەوە سەربڕا بن".

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو هەرچەندە باس لەوەش دەكرێت، كە پیاوەكە قەرزدار بووە، "بەڵام پێناچێت هۆكاری رووداوەكە ئەوە بووبێت، چونكە لەسەر قەرز، كەس‌ ناكوژرێ‌".

شەوی رابردوو 23-6-2017 لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی ژن ‌و مێردێكی خەڵكی هەولێر، بە سەربڕاوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرانەوە، ئەو ژن ‌و مێردە لەدایكبووی ساڵی 1980‌ -ن و دوو منداڵی 3بۆ 4 ساڵیان هەبووە، دوای رووداوەكەش منداڵەكانیان براونەتە خانەی نەوجەوانانی سلێمانی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە