رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى کارى لوبنان رەتى دەکاتەوە لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ عێراق بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بێت بۆ عێراقییەکان لە وڵاتەکەی، بەڵکو بۆ سوودوەرگرتنى عێراقە شارەزایی لوبنانییەکان لە بوارى گەشتیاری بەکاربێنن و سوودبینینى خۆشیانە لە شارەزایی عیراقییەکان لە بوارى نەوت.
محەممەد حەیدەر، وەزیرى کارى لوبنان یەکشەممە 24ى ئابى 2025، روونکردنەوەیەکى لەبارەى لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق بڵاوکردەوە بۆ ئاڵوگۆڕى ئەزموون و شارەزایی لەنێوان هەردوو وڵات.
وەزیرى کارى لوبنان راگەیاند، لێکتێگەیشتنەکەیان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و راهێنانە، نەک دامەزراندن یان دابینکردنی هەلی کار. لوبنان ئەزموونی لە بواری خزمەتگوزاری، گەشتیاری و بەڕێوەبردنی چێشتخانە و هۆتێلەکاندا دەخاتە بەردەستی عێراق، بەهۆی گرنگیی ئەم کەرتە لە بووژاندنەوەی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێناندا وعێراقیش ئەزموونێکی زۆرى لە بەڕێوەبردن و دەرهێنانی نەوت و گازدا هەیە، کە ئەوانە ئەو بوارانەن لوبنان ئەزموونى تێدا کەمە و گەنجانى لوبنان لەسەر دەستی شارەزایانی عێراق راهێنان دەکەن و زانیاریی پێویست بۆ سوودوەرگرتن لە سامانە سرووشتییەکانیان لە داهاتوودا بەدەست دەهێنن.
22ى ئاب وەزیرى کارى لوبنان سەردانى عێراقى کرد و لەگەڵ ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد لەسەر گۆڕینەوەى ئەزموون و شارەزایی لەنێوانیان.
وەزیرى کارى لوبنان دەڵێت: "جێگەی داخە کە هەندێک کەس هەوڵیان دا ئەم لێکتێگەیشتنە بونیاتنەرە بشێوێنن و وێنەیەکی پێچەوانەی لێ دروست بکەن، وەک ئەوەی بریتی بێت لە دامەزراندنی عێراقییەکان لە لوبنان بەرامبەر دامەزراندنی لوبنانییەکان لە کەرتی نەوتدا. ئەم بانگەشەیە ناڕاستە، ئێمە باس لە راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی دەکەین، نەک هێنانی هێزی کار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ