رووداو - سلێمانی
لیژنەی فەتوا بۆ بڕیاردان لەسەر حەرامبوون یان نەبوونی یاری پەبجی کۆبووە و لەدوای کۆبوونەوەکەش بڕیاریاندا کە ئەم یارییە حەرام بکرێت.
د.عیرفان رەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا (چوارشەممە 24-10-2018) کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا کە کارکردن بە یاری پەبجی حەرام بکرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم یارییە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکانێکی زۆر بە تایبەت گەنجان بەمکارەوە سەرقاڵبن و کاتەکانی خۆیان بەفیڕۆبدەن".
سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی دەڵێت: "لە ئایینی ئیسلامیشدا هاتووە هەر کەسێک کاتەکانی خۆی بەبێ هیچ هۆکارێک بەفیڕۆبدات حەرامە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەم یارییە دەچێتە ئەو چوارچێوەیە و خەڵکانێکی زۆریش لە کوردستان ئاڵوودەی ئەو یارییە بوون بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بە خۆیان یان دەوروبەریان بگەیێنن".
د.عیرفان رەشید روونیکردەوە "یارییەکە خۆی رەوایە و دروستە، بەڵام قوتابییەک ئەو یارییە ببێتە هۆی ئەوەی نەخوێنێت ئەوە بۆ ئەو حەرامە، یان فەرمانبەرێک کارەکەی نەکات بەهۆی یارییەکە ئەوا بۆ ئەویش حەرامە، بەو جۆرەش بۆ هەر کەسێکی دیکە حەرامە ئەگەر ببێتە هۆی کاریگەری لەسەر ژیانی خۆی و کەسانی دیکەش".
پەبجی PUBG کورتکراوەی (PlayerUnknown’s Battlegrounds) کە یهكێكه له یارییه ئۆنڵاینهكان و جۆرهكهی Battle Royaleـە، واتە ئەم جۆرەیان بریتییە لەوەى چەند یاریزانێک لە شوێنێکى دیاریکراودا یارىدەکەن و لە کۆتاییشدا تەنها یەک کەس براوە دەبێت لەناویاندا، یاریەکە لەلایەن کۆمپانیاى Blueholeـەوە دروستکراوە. ماوەی چەند مانگێکیشە ئەم یارییە لە کوردستان بڵاوبووەتەوە و خەڵکانێکی زۆر بە تایبەت گەنجان لەسەر مۆبایلەکانیان داونڵۆدیان کردووە و یاری پێدەکەن.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ