کچ و کوڕێکی عێراقی لە یاریی پەبجی یەکدی دەناسن و پێکەوە هەڵدێن

06-10-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن بەغدا پەبجی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێکەوتەکانی یاریی پەبجی بەردەوامن، ئەمجارە پەیوەندیی لەنێوان کوڕ و کچێکی عێراقی دروستدەکات. ئەگەرچی بەهۆی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی لە عێراق هەیە چاوەڕواندەکرا کاردانەوەی تووندی لەلایەن خێزانەکانیانەوە لێبکەوێتەوە، بەڵام دواجار وەک وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بە هاوسەرگیریی کۆتاییهات.

  

چیرۆکەکە ئەوەیە کە گەنجێکی عێراقی دوای ئەوەی لە یاریی پەبجی کچێک دەناسێت، پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ دروستدەکات، پاشان رازیی دەکات پێکەوە رابکەن و خۆیان بشارنەوە. دواتر هێزەکانی پۆلیس دەیاندۆزنەوە و بە ئامادەبوونی خێزانی کچەکە هاوسەرگیری دەکەن.
 
چەند رۆژێک لەمەوپێش خێزانێک پەیوەندیی بە پۆلیسەوە دەکەن و دەڵێن، چەند رۆژێکە کچەکەیان لە ماڵەوە رۆشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. دوای گەڕان و بەدواداچوونەکانی پۆلیس، کچەکە دۆزراوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە لەگەڵ گەنجێک رایکردووە.
 
چیرۆکی خۆشەویستی کوڕ و کچەکە لە یاریی پەبجییەوە دەستپێدەکات، دوای ئەوەی چەند جارێک پێکەوە یاری دەکەن، دەبنە هاوڕێ. دوای ماوەیەک لە هاوڕێیەتی، زیاتر هۆگری یەکدی دەبن و پەیوەندیی خۆشەویستی لەنێوانیان دروستدەبێت.
 
خۆشەویستی کچەکە وا لە کوڕەکە دەکات بڕیاری ئەوە بدات کە پێکەوە بەرەوە شوێنێکی نادیار رابکەن. کچەکەش ئەو بیرۆکەیەی پێباشە و پێکەوە دەچنە بەغدا و تاوەکو کاتی دۆزینەوەیان لەوێ دەمێننەوە.
 
دوای چەند رۆژێک هێزەکانی پۆلیس دەتوانن شوێنەکەیان بدۆزنەوە، لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی دووشەممە 05-10-2020 رایگەیاند، کچێکی گەنجیان دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەی رایکردووە.
 
دواتر خێزانی کوڕ و کچەکە دەچنە شوێنی خۆحەشاردانیان، کوڕەکە دان بە "هەڵەکەیدا" دەنێت و دەڵێت، ئامادەیە "هەڵەکەی" چاکبکاتەوە. سەرەتا باوکی کچەکە رازیی نابێت، بەڵام چەند رێکخراوێکی مەدەنی هەوڵدەدەن رەزامەندیی باوکی کچەکە وەربگرن بەوەی بیر لە هیچ تۆڵەیەک نەکاتەوە و رێگەیان پێبدات ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. باوکی کچەکەش رازیی دەبێت و دواتر دەچنە دادگا و ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن.
 
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە دوای کچەکە لە کاتێکدا بوو کۆمەڵەی هیوای عێراقی داوای لە پۆلیسی کۆمەڵایەتی کردووە بەشداربن لە دۆزینەوەی ئەو کچەی بە قسەی باوکی لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق بەرەو بە‌غدا رۆشتبوو.
 
 

پۆلیس لەگەڵ ماڵباتی هەردوو گەنجەکە  لێکۆڵینەوە دەکەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە