رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی مۆسیقای کوردی بەناوبانگی "کۆما ئامەد"، دوای سێ دەیە دوورکەوتنەوە، گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان و لەلایەن هاندەرانیانەوە بە گەرموگوڕییەکی بێ وێنەوە پێشوازییان لێ کرا. هاتووی کۆمەڵەکە بۆ کۆنسێرتێکی گەورەیە کە رۆژی شەممە، 25ی ئەم مانگە، لە گۆڕەپانی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
پێش کۆنسێرتەکە، ئەندامانی کۆمەڵەکە لە ئامەدستۆر لەگەڵ هاندەرانیان کۆبوونەوە و دەستیان کرد بە واژۆکردنی درێسە سوور و سەوزەکانی تیمی ئامەدسپۆر، ئەمەش وەک پشتیوانییەکی هونەری بۆ یانەکە. هاندەران بەپەلە فۆرمی واژۆکردنیان پێدان و بەو بۆنەیەشەوە خۆشحاڵییەکی زۆر هۆڵی کۆبوونەوەکەی گرتبووەوە.
هونەرمەند ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەکە، رایگەیاند: "راستییەکەی ئێمە هەرگیز کۆنسێرتمان لە ئامەد نەکردبوو. کۆمەڵەکەمان پرش و بڵاو ببوو، دوای 30 ساڵ کۆبووینەوە و لێرە لەگەڵ گەلەکەمان گۆرانی دەڵێین."
هونەرمەند سولەیمانیش هیوای خواست: "هیوادارم کە جارێکی دیکە کەس لە وڵاتەکەی خۆی دوور نەکەوێتەوە. با کەس حەسرەتی وڵاتەکەی نەکێشێت. ئامەد بۆ من زۆر گرنگە."
لە نێو هاندەراندا، منداڵێکی بچووک بە ناوی "ئێوار" بوونی هەبوو کە چاوەڕێی واژۆکردنی فۆرمی ئامەدسپۆری دەکرد. "ئێوار" یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی کۆما ئامەد، و خێزانەکەشی لە هۆڵەنداوە بە مەبەستی بەشداری لە کۆنسێرتەکە هاتوونەتە ئامەد.
دەلال زمروود، هاونیشتمانی، لەم بارەیەوە گوتی: "کۆما ئامەد دوای 29 ساڵ لە پاریس کۆنسێرتی دابوو، ئێمە ناوی کچەکەمان لەو کۆنسێرتە نا 'ئێوار'. کاتی کۆنسێرتەکە هێشتا منداڵەکەمان لەدایک نەبووبوو... ئەگەر کوڕیش بوایە، ناومان لێدەنا 'ئێوار'."
گامزە گولەر، هاونیشتمانییەکی دیکەیە، باسی هەستی خۆی کرد: "کۆما ئامەد مناڵیم دەردەبڕێت، لاویم دەردەبڕێت. ئێمە بە گۆرانییەکانی ئەوان گەورە بووین."
سەرۆکی بەشی کاروباری کولتووری و کۆمەڵایەتیی شارەوانی گەورەی ئامەد، زەینەب یاش، هیوای خواست: "ئەم پرۆسەی ئاشتی و ئارامییە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەموو هونەرمەندەکانمان روو بکەنە وڵات و نیشتمانەکەیان."
کۆنسێرتەکە بە هاوکاریی شارەوانیی گەورەی ئامەد و شارەوانیی ناوچەی پەیاس رێکخراوە و رۆژی شەممە کاتژمێر 7ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ