رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی نێوان سەقز بۆ تاران و پێچەوانەکەی دواخراون، هۆکارەکەش بۆ ناجێگیریی کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە.
ئەیوب یاریان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، گەشتەکان چەند کاژێرێک بەر لە دەستپێکردنیان دواخران.
ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە دواخرانی، بڕیار بوو گەشتە ئاسمانییەکەی سەقز بۆ تاران کاژێر 10:30ـی بەیانی ئەمڕۆ بکرێت.
ئەیوب یاریان گوتی، گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی سەقز، چاوەڕوانی نیشتنەوەی فڕۆکە بوون کە هەواڵی دواخرانی گەشتەکە درا. گوتیشی، هەفتانە فڕۆکەخانەی سەقز تەنیا گەشتێکی چوون و هاتنی لە رۆژانی پێنجشەممەدا لەگەڵ تاران هەیە، بەڵام فڕۆکەخانەی سنە رۆژانی شەممە کاژێر 14:30 و رۆژانی پێنجشەممەش کاژێر 08:00ـی بەیانی گەشتی بۆ تاران هەیە.
فڕۆکەخانەی سەقز بۆ گەشتەکانی ناوخوی ئێرانە کە لە رۆژی 03-11-2023، لە کاتی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای سنە، لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی کرایەوە کە نزیکەی 20 ساڵ بوو کاری تێدادەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ