رووداو- دهۆك
بكوژی هونەرمەند زاهید بریفکانی ئاشكرابووە و لەلایەن پۆلیس دەستگیركراوە. بەپێی زانیارییەكان بكوژەكە دز بووە و بۆ ئاڵتوون كوشتوویەتی، پێشتریش بریفكانی ناسیوە.
رۆژی سێشەممە 22-3-2016 لە شاری دهۆک، تەرمی هونەرمەند زاهید بریفکانی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کەسێک لە ماڵباتی ئەم هونەرمەندە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە ناوبراو بە چەقۆ کوژراوە.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وردەكاری لێكۆڵینەوەكان و چۆنیەتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند، بكوژەكە خەڵكی دهۆكە و بۆ پارە و ئاڵتوون زاهید بریفكانی كوشتووە.
سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك رەتیكردەوە رووداوەكە تیرۆریستی بووبێت، راشیگەیاند بكوژەكە زێڕەكەی لە ناسریەی نێوەڕاستی عێراق فرۆشتووە، دوای گەڕانەوەشی لە نێو ماڵەكەیدا لە شاری دهۆك دەستگیركراوە.
پێشتر هێمن ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، دوای زیاتر لە رۆژێك لە كوژرانی تەرمی زاهید بریفکانی دۆزراوەتەوە، ئەوەشی پشتڕاستكردبووەوە كە بە چەقۆ كوژراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ