بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین: لە ئێستاوە کێشەی کەمئاویمان هەیە و هاوین سەخت دەبێت

25-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێت، ئاوی زێی بچووک کەمیکردووە و کێشەی کەمئاوی لە سنوورەکەیان سەرهەڵدەدات، "هاوین کێشەکە سەخت دەبێت".
 
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن. ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانییەوە، ئاوی زێیەکە کەمیکردووە.
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاوی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-3-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێستا کە سەرەتای بەهارە، ئاوەکە بە تەواوی کەمبووە، بۆیە بۆ هاوین کێشەیێکی گەورەی کەمئاویمان بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت ئاوی خواردنەوە." 
 
تەنیا لە سنووری قەڵادزێ، نزیکەی 100 هەزار کەس بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە سەرچاوەی زێی بچووک وەردەگرن. 
 
سەلام عومەر گوتی، "بۆ چارەسەری سەرەتایی ئاوی خواردنەوە، بە نووسراوە سەرووی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە." 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین، چارەسەری سەرەتاییان بۆ ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵازێ لێدانی بیر دەبێت.
 
جگە لە ئاوی باران، سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوی زێی بچووک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوەیە. 
 
سەلام عومەر گوتی، "ئەمساڵ، ئێران ئاوی نەگرتووەتەوە، بەڵام چونکە بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پڕ نین، لەوێشەوە ئاوی کەم دێت، ساڵانی رابردوو بەنداوەکانیان پڕ دەبوو و بەریان دەدایەوە و ئاوی باشتر دەهات." 
 
لەبارەی چارەسەری بنەڕەتیشەوە بۆ ئیدارەی راپەڕین، بڕیاری دروستکردنی بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
سەلام عومەر دەڵێت، دروستکردنی ئەو بەنداوە کێشەی کەمیی ئاو لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش چارەسەر دەکات.
 
پلانی دروستکردنی بەنداوی دەڵگە دراوەتە حکومەتی عێراق و جێبەجێکردنی خراوەتە ئەستۆی ئەوان، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکیان لەبارەیەوە نەداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە