رووداو دیجیتاڵ
زینە مەجید تەمەنی 30 ساڵ بوو، سێ منداڵی هەبوو، لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەی کۆمەڵگەی چڕە لەسەر کێشەی زەویوزار کوژرا.
رووداو لەگەڵ باوکی زینە چووە جێگەی رووداوەکە لە کۆمەڵگەی چڕە لە قەزای شێخان سەر بە دهۆک، هێشتا شوێنەواری گولـلە بە دیوارەکانی ئەو شوێنەوە ماوە، لەکاتێکدا لە ماڵەوە خەریکی شووشتنی قاپ بووە، گوللـەیەک بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
باوکی زینە لەگەڵ 150 کەسی دیکە خۆیان بە خاوەنی زەویەکە دەزانن کە چوار هەزار دۆنمە و دەڵێن، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو لایەندا کراوە، زەوییەکە چاندنی تێدا ناکرێت تاوەکو بەڵگەی فەرمی لە بەغداوە دێن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە.
مەجید محەممەد، باوکی زینە دەڵێت، شەش مانگە نووسراو لە بەغداوە گەڕاوەتەوە، "وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی ئێمە ناکات و پێمان بڵێت کە زەوییەکە هی کێیە".
جووتیارانی ئەو پارچە زەوییە دەڵێن، ئەوان ناڵێن پارچە زەوییەکە موڵکی ئەوانە، بەڵام ئەوان گرێبەستیان هەیە کە کشتوکاڵ لەو زەوییەدا بکەن، زەوییەکەش بە هی حکومەت دەزانن.
یەکێک لە جووتیارەکان بەناوی شیمال عەزیز دەڵێت "دەڵێن تاپۆ هەیە، با تاپۆی رەشمان بۆ بێنن لە بەغداوە، ئێمە ماڵەکانیشمان بەجێدەهێڵین بۆیان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە بەغداوە بۆ ئێمە نەهاتووە کە بڵێت زەوییەکان هی ئەوانە، لە شەڕی دوێنێش ئەوان تەقەیان کرد و ئێمە تەنیا بەرگریمان لە خۆمان کرد و وەڵامی هێرشەکەیانمان دایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا 28 کەس لە ئێمە گیراون و 3 کەس لە ئەوان گیراون، یان با وەکو یەک دەستگیربکرێین، یان با یاسا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات".
پارێزگاری دهۆک چەندین جار لەگەڵ هەردوو لایەنەکان دانیشتووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و هەردوولا بە تاوانبار دەبینێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک دەڵێت "دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەوان لە دیوانی پارێزگای دهۆک بوو، بەڵام پێکنەهاتن، چەندین پێشنیاز و رێگەمان بۆیان دانا، بەڵام هەر قەناعەتیان نەهێنا و چەند کێشەیەکیش دروستبوون، بابەتەکەش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە".
رووبەری زەوییەکە چوار هەزار و 212 دۆنمە، بە گوتەی جووتیارەکان، ئەو زەوییە لە ساڵی 1972ەوە کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکە دەکرێت.
.png&w=3840&q=75)
