لە نێو دڵی ئیستەنبووڵ کۆڵانێک بۆنی کوردستانی لێ دێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
عومەر سۆنمەز
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پشت شەقامی "ئیستیقلال" لە ناوچەی تەقسیمی سەر بە بەیئۆغڵوی ئەستەنبووڵ، کۆڵانێک هەیە کە بە ناو، دەنگ، میوزیک و بۆنەکەی، کوردستان بە بیر مرۆڤ دەهێنێتەوە. ئەم کۆڵانە کە بە "کۆڵانی کافێ کوردییەکان" دەناسرێت، هەر کە لێی نزیک دەبیتەوە، تابلۆ و میوزیکە کوردییەکەی سەرنجت رادەکێشێت.
 
یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی کۆڵانەکە "کافێ بەیبوون"ـە. لەسەر دیواری دەرەوەی کافێیەکە، پۆرترێتێکی گەورەی نووسەری ناوداری کورد "ئەحمەدی خانی" کێشراوە. ئەم کافێیە لە ساڵی 2014ـەوە کراوەتەوە و ماوەی 6 ساڵە لەلایەن "نووران کزڵ ئەسڵان"، کە ژنێکی تەمەن 30 ساڵی خەڵکی بازیدی ئاگرییە لەگەڵ براکانی بەڕێوە دەبرێت و بەتایبەت بە چای قاچاخ و قاوەی کوردی بەناوبانگە.
 
نووران کزڵ ئەسڵان، بەڕێوەبەری کافێ بەیبوون دەڵێت: "کافێ بەیبوون لە ساڵی 2014 دەستی بە کار کردووە، بەڵام ئێمە لە 2020ـەوە بەڕێوەی دەبەین. ژیانمان لەم کۆڵانە زۆر خۆش دەگوزەرێت؛ چونکە ناوەکانمان کوردییە، میوزیک و گفتوگۆکانمان بە کوردییە. هەروەها میوزیکژەنەکانمان دێنە ئێرە و بە دەنگ و گۆرانییەکانیان دڵمان خۆش دەکەن. گەشتیاری زۆریشمان هەیە، دێنە کافێکەمان و داوای گۆرانیی کوردی دەکەن و زۆر پێی دڵخۆش دەبن."
 
کۆنترین شوێنی کوردی لەم کۆڵانەدا، "رۆشتیا دەمخانە"یە کە تەمەنی 19 ساڵە و ناوی شوێنەکە بە زاراوەی زازاکییە. لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن ژنێکی کورد بە ناوی "ئەدا تانریڤێردی" (خەڵکی جزیری بۆتان، تەمەن 30 ساڵ) بەڕێوە دەبرێت.
 
ئەدا تانریڤێردی، لەبارەی ئەزموونی کارکردنیانەوە دەڵێت: "لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبووڵ، یەکەمین تابلۆی کوردی هی کافێ رۆشتیا دەمخانە بوو. پێشتر زۆر فشارمان دەخرایە سەر و هێرشمان دەکرایە سەر، بەڵام کاتێک بینییان ئێمە پاشەکشە ناکەین، وازیان لێ هێناین. ئێمە لێرە پارێزگاری لە زمان و کولتووری خۆمان دەکەین."
 
نەک تەنیا کوردانی ئیستەنبووڵ، بەڵکو ئەو کوردانەی وەک گەشتیار لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەوە دێن، سەردانی ئەم شوێنانە دەکەن. بینینی وێنەی کەسایەتییە ناودارەکانی وەک ئەحمەدی خانی، یەڵماز گونەی و ئەحمەد کایا، لەگەڵ تابلۆی کێوی ئاگری، دڵی گەشتیاران و کوردان گەشبین دەکات.
 
عەبدولکەریم گۆکتەن، کە گەشتیارێکە لە ئەڵمانیاوە هاتووە، دەڵێت: "ئێمە لە ئەورووپا و لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاتووینەتە ئێرە. سێ هاوڕێین و من خەڵکی ئامەدم. بۆ گەشت و سەیران هاتووینەتە ئەستەنبووڵ. پێشتریش دەهاتینە ئەم کۆڵانە، چونکە لێرە میوزیکی کوردی لێ دەدرێت و کۆڕ و دانیشتنەکان بە کوردین. بۆیە زۆر دڵخۆش دەبین، کاتێک دێینە ئێرە وامان هەست دەکەین کە چووینەتەوە بۆ وڵات (کوردستان)."
 
کافێ و چایخانە کوردییەکان لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 01:00ـی شەو کراوەن. زۆرجار میوزیکی زیندوو و چالاکیی کولتووری لێرە ساز دەکرێن، کە ئەمەش ژیانی کۆمەڵایەتیی کوردانی لەنێو جەرگەی ئەستەنبووڵدا بە زیندوویی هێشتووەتەوە. ئەم کۆڵانە تەنیا چایخانەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ناوەندێکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا باسی هونەر، مێژوو، سیاسەت و ئەدەبی کوردی دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باران بارین لە هەولێر. وێنە بڵند تاهیر-رووداو

کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، تاوەکو چوارشەممە کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بمێنێت و بارانی پچڕ پچڕ ببارێ.