رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە سبەیەوە حکومەت ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو داهاتە نێوخۆییەی کە پێویستە بیداتە بەغدا.
رۆژی شەممە، 25-04-2026، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پرسی مووچە و پرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
رێباز حەملان ئاماژەی بە پرسی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نێردراوەتە بەغدا و ''ئەوەی ماوەتەوە نووسراوێکە کە دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق [لەسەر بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەرێمی کوردستان] بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بینێرێ.''
بەگوتەی رێباز حەملان، لە سبەی یەکشەممەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی کە دەبێ بۆ ناردنی مووچە، بیخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیساندا نییە، ''بەڵام مانگەکانی دیکە پێشبینی ناکرێ، چونکە دۆخی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆز و نائارامە''.
پێشتر بەغدا و هەولێر لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار وەک پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتبوون. رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، بڕە پارەکە بۆ مانگی چوار هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە ''بەڵام بێگومان عێراق داوای 120 ملیار دینارەکەی خۆی دەکات، هەرچەندە هەندێک لێکتێگەیشتن لەوبارەوە هەیە.''
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەگشتی کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی لە عێراق و ناوچەکەدا هەبووە، بەغداش ئەوە دەزانێت و ئەو لێکتێگەیشتنە [لە نێوانماندا] هەیە.''
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی.
رۆژی 9ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە 957 ملیار و 122 ملیۆنە، گەیشتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی" و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و لە سێ رۆژ مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشکرا.
''گرفتی ئەسیکۆدا چارەسەر کراوە''
رێباز حەملان باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا کە ئاستەنگی زۆری بۆ بازرگانان دروست کردبوو، چەندین جار شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و "ئەو بابەتانەمان یەکلایی کردووتەوە و کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە.''
ئەسیکۆدا سیستمێکە بۆ بەستنەوەی دەروازەکان و سنوور و کاروباری گومرگ. سیستمەکە کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ هاوتایە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ