د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوام لە پزیشکیان کرد پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئاو و دەروازە سنوورییەکان بکات

25-05-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "دوو کاژێر بە زمانی کوردی گفتوگۆمان لەگەڵی کرد"؛ ئاماژە بەوەش دەکات "ئەوەی پێویست بوو گەیاندمان، داوای پێداچوونەوەم بە سیاسەتی ئاودا کرد؛ داوام کرد تایبەتمەندیی زیاتر بە دەروازە سنوورییەکان بدرێت و هێڵی شەمەندەفەری سنە بۆ باشماخ جێبەجێ بکرێت". د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: "پزیشکیان پشتیوانیی یاداشتە لێکتێگەیشتنەکانمانی کرد، هەروەها بەڵێنی دا وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە". 
 
کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێری بە زمانی کوردی 
 
یەکشەممە 25-5-2025 د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)دا گوتی، پێشنیازەکەیان قبووڵ کراوە بەوەی کۆبوونەوەی ساڵی داهاتووی پارێزگارەکان لە سلێمانی بێت.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "سەرۆککۆمار وەک باسی لێوە دەکرا، لەگەڵ سەرۆککۆماری وڵاتانیش چارەکێک بۆ بیست خولەک کۆدەبێتەوە، بەڵام ئێمە دوو کاژێر لەگەڵی کۆبووینەوە، بە زمانی کوردی گفتوگۆمان لەگەڵی کرد، زۆر لە نزیکەوە بە باشی لە یەکتری تێگەیشتین. ئەو پەیامانەی کە پێویست بوون بگەن، گەیشتن".
 
پارێزگاری سلێمانی زیاتر گوتی: "کۆبوونەوەکان بەو جۆرە نەبوون کە ئێمە تەنیا بڕۆین و گوێ بگرین، بەڵکو ئێمە پەیامێکی جیهانیشمان بەوان گەیاند کە ئەوان جەمسەرێکی گەورەی ئەم ململانێ ناوچەییەن هەموو دونیا باسی شەڕەکەی دەکات؛ داوامان لێکردن ئەوان بانگەشە بۆ ئاشتی بکەن بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".
 
پشتیوانیی پزیشکیان بۆ یاداشتی واژۆکراوی نێوان پارێزگارەکان
 
رۆژی 20-5-2025 هەریەک لە پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگارە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی سنەیان کرد، 21-5 دیداری سنە بەڕێوەچوو و کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و هەریەک لە پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشان واژۆ کران، رۆژی دواتر پارێزگارەکان سەردانی تارانیان کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و پارێزگاری تاران بە جیا کۆبوونەوە. 
 
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی:"کۆبوونەوەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، دانپێدانانێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆمار پشتیوانی ئەو یاداشتنامە تێگەیشتنانەی کرد کە واژۆمان کردووە".
 
داواکارییەکانی پارێزگاری سلێمانی لە سەرۆککۆماری ئێران
 
پارێزگاری سلێمانی باس لەوە دەکات، چەند داواکارییەکی خستووەتە بەردەم سەرۆککۆماری ئێران و گوتی: "ستایشی ئەو کرانەوەیەم کرد کە لە سەردەمی کابینەی پزیشکیان، ئێران بەخۆیەوە بینیویەتی، هەروەها ئەوەمان بە گرنگ زانی ئەوەی کە ئێستا سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن کە تەنیا خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان و سەرمایەگوزاری لەنێو تاراندا ناکرێت، بەڵکو بە شێوەیەکی هاوسەنگ بە هەموو شارەکانی ئێراندا بڵاوبێتەوە و رۆژهەڵاتی کوردستان، کرماشان، ورمێ، سنە، ئیلام و شوێنەکانی دیکەش وەک تەبرێز و شوێنەکانی دیکەش بگرێتەوە. هەروەها بەشداریپێکردنی ژن لە دەسەڵات و پۆستە ئیدارییەکان، بەشداریپێکردنی کورد و سوننە و پێکهاتەکان لە پۆستە ئیدارییەکان بە گرنگمان زانی و داوامان کرد ئەوە بەردەوام بێت".
 
لەبارەی دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکەش، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "پشتیوانیکردنی ئەم یاداشتنامانەیە یەکێک لە دەستکەوتەکانمان بوو؛ هەروەها باسمان لە ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان و کێشەی ئاو کرد کە ئەگەر بە باشی ئیدارەیان نەدەین، دەبنە کێشە لەبەردەممان؛ باسی ئەو دۆخە سەختەمان کرد کە لە بواری کەمبوونەوەی ئاو دروست بووە بەهۆی کەم بارانی، داوامان لێکرد لە سیاسەتی ئاودا پێداچوونەوەی هەبێت". 
 
رۆژی 2-11-2023 لە کاتی کردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان – سنە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئێران بەڵێنی ئەوەیدا کە هێڵەکە بگەیەننە دەروازەی باشماخ. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، باسم لەو بەڵێنەی رەئیسی لەگەڵ پزیشکیان کرد و "داوام لێکرد هەرچی زووە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکرێ". 
 
لەبارەی داواکارییەکانی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکانیش، پارێزگاری سلێمانی پێیوایە خەریکە دەروازە سنوورییەکان دەبنە کێشە، بۆیە داوای کردووە دەروازە سنوورییەکان تایبەتمەندیی زیاتریان پێ بدرێت و لەوبارەوە گوتی: "ئێمە 12 دەروازەی نێودەوڵەتییمان لەنێوان ئێران و عێراق هەیە و شەشیان لە سنووری سلێمانیدایە، داوامان لێکرد ئەو دەروازانەی لە عێراق و لە کوردستان هەن وەک پێشوو تایبەتمەندییان پێ بدرێت. داوامان کرد کە ئەوانە تایبەتمەندییان پێ بدرێت کە پێشتر هەبوو و ئێستا گۆڕاوە، چونکە ئەگەر ئەمە ئیدارە نەدەین بەو شێوازەی مامەڵەکردنەی حکومەتی فیدراڵی دەیکات، لە هەموو ئەو شتانەی کە ئێمە هەمانە، دەچێتەوە دەروازەکانی ئەوان و سەرچاوەکانی ئێمە بە تەواوی وشک دەبن".
 
لەبارەی وەڵامدانەوەی سەرۆککۆمار و بەرپرسانی ئێران بۆ ئەو داواکارییانە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "بەڵێنیان داوە کە ئەوانە هەموویان دیراسە دەکەن و وەڵاممان دەدەنەوە. ئەوان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئێمە ژیانمان بەیەکەوەیە و ئەو شتانەشی کە دەبنە مایەی بەردەوامبوونی ئەو ژیانە بە بەیەکەوە، ئیدارەی بدەین. داوام لێکردن ئەوان دەستپێشخەرییان هەبێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایش و ئابووریی ناوچەکەی ئێمە دەکاتە ئاسایش و سەقامگیری و ئابوورییەکی باشی هەموو ناوچەکە؛ بۆیە دەبێت شەڕ لەم ناوچەیە دوور بخرێتەوە؛ نابێت ئێستا ئەم ناوچەیە ببێتە مەیدانی جەنگی وڵاتە گەورەکان یان گەنجەکانی ئێمە ببنە سووتماک و خۆراکی ئەو شەڕە؛ بە دەمەوەهاتنێکی زۆر باشیان هەبوو، ئومێد دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانە ببینینەوە."
 
نێوەڕۆکی یاداشتی نێوان پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان
 
لە دیداری سنە کە رۆژی 21-5-2025 بەڕێوەچوو، پارێزگارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە بە جیا یاداشت و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشان واژۆ کرد.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو یاداشتانەوە، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "ئێمە تەنیا لەسەر بابەتی بازرگانی و ئابووری یان یاداشتنامە و کۆبوونەوە و دیدارەکانمان نەکرد، بەڵکو لەسەر سێ تەوەر کردمان: یەکەمیان ئابووری و بازرگانی؛ دووەمیان کولتووری و کۆمەڵایەتی؛ سێیەمیان زانستی و تەکنەلۆجی". 
 
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، لە سیستمی ئێراندا، پارێزگارەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، بۆیە "ئێمە روونمان کردەوە کە دەسەڵاتی ئێمە تەنیا پێشنیازکردنە و بەشێکی دەسەڵاتی بڕیاردان لەو یاداشتانە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکیشیان بۆ حکومەتی عێراق، دەبێت ئەوان بڕیاری لێ بدەن". 
 
"نیوەی پارەی چاپکراوی عێراق لە سلێمانییە"
 
جیا لە بابەتی سەردانی پارێزگارەکان بۆ ئێران، هیوا جەمال، پێشکێشکاری بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) سێ پرسیاری دیکەی دوور لەو بابەتەی ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کرد. 
 
قسەیەکی پارێزگاری سلێمانی دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە کە گوتوویەتی نیوەی پارەی چاپکراوی عێراق لە سلێمانییە. هیوا جەمال پرسیاری ئەوەی کرد ئاخۆ راستە ئەو قسەیەی کردووە؟ لە وەڵامدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر قسەکەی پشتڕاستکردەوە و پێداگیریشی لێی کرد و گوتی "بەڵێ، ئەمە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە، مەبەستم ئەوە بووە ئەو پارە چاپکراوەی بە دەست خەڵکەوەیە، نەوەک ئەوەی لە بانکی ناوەندی دانراوە یان لە بانکەکاندایە، بەڵکو ئەوەی بەدەست خەڵکەوەیە. ئەم قسەیە من لە بەڕێز پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق وەرمگرتووە و لە نوێنەری بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی وەرمگرتووە. هەر کەسێک گومانی هەیە لەجیاتی ئەوەی شەڕ بە ئێمە بفرۆشێت، دەتوانێت لەجیاتی ئەو هەموو شتەی دەینووسێت، بچێت بەدواداچوون بکات".
 
رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ داواکارییەکانی سلێمانی
 
رۆژی 30-6-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ پارێزگار و قایمقامەکانی سنوورەکە کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا پارێزگاری سلێمانی ژمارەیەک داواکاریی خستە بەردەم سەرۆکوەزیران. بەگوتەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، رەزامەندی لەسەر بەشێکی پێشنیازەکانیان دراوە و ئەمڕۆ 25-5-2025 کۆبوونەوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت بە بەشداریی پاریزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ تاوتوێکردنی ئەو داواکارییانە و ئەوەی کە رەزامەندی لەسەر دراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە