وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان نەخراوەتەسەر هەژماری وەزارەتمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، تاوەکو ئەمڕۆ هاوکاریی هاوپەیمانان نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان. بەرپرسێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری زۆرە "دابەشکردنی هاوکارییەکە بکەوێتە دوای جەژن."
 
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هاوکاریی هاوپەیمانان نەخراوەتە سەر هەژمارەی وەزارەتمان."
 
لەبارەی کاتی ناردنی هاوکارییەکەوە، لیوا توانا سدیق ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئەمڕۆ نازاندرێ کەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.
 
هاوکات بەرپرسێکی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، "کاتی ناردنی پارەی هاوپەیمانان دیار نییە کەیە و مانگانە رۆژەکەی دەگۆڕدرێت."
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە دوای ناردنی پارەی هاوکاریی هاوپەیمانان لانیکەم دوو رۆژی پێویستە بۆ دابەشکردن، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە دابەشکردنەکە دەکەوێتە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی دەوام لە دوای جەژنی قوربان."
 
ئەو هاوکارییەی هاوپەیمانان بڕیارە بینێرن، هاوکاریی مانگی چوار دەبێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 26-04-2026 وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 3 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان کران و ئەمڕۆ دابەش دەکرێ."
 
هاوکارییەکە وەک پشتیوانییەکە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە هاوپەیمانان دابینی دەکەن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ناردنی هاوکارییەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی دوایین داتای وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی مانگی 11ی 2025، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە هاوکاریی هاوپەیمانانیان وەرگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە