دەنیز سەرینجی
رووداو- دانیمارك
سیاسەتوانانی ئەوروپی پشتگیری لە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی سنووری فەرمیی هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەوان دەڵێن كاتی ئەوە هاتووە خەونی سەربەخۆیی كورد بێتە دی لەكاتێكدا كە عێراق لێكدەترازێ.
دوای هەڵاتنی سەربازانی سوپای عێراق لەبەرامبەر هێرشی چەكدارە توندڕەوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگەی ناردە ناوچە كوردنشینەكانی دەرەوەی سنووری خۆی، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لە دوای هەڵاتنی سوپای عێراقەوە پەیدابوو.
چەكدارەكان چەند شارێكی گەورەیان داگیركردووە و لە شەڕیان لەگەڵ هێزەكانی عێراق بەردەوامن و چاویان لە داگیركردنی بەغدایە.
ئاندریە هانكۆ، پەرلەمانتاری ئەڵمانی لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەڵمانی بە (رووداو)ی راگەیاند، هەرێمە كوردنشینەكەی عێراق پێویستە پشتگیری بكرێ لە لایەن ئەوروپاوە بۆ ئەوەی مافی سەربەخۆیی درێژخایەنیان بۆ مسۆگەر بكرێت.
ئەو دەڵێت "مایەی تێگەیشتنە كە حكومەتی كوردستان پارێزگاری لە ناوچەكە دەكات لە دژی داعش بۆ ئەوەی ژیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و مافی ئۆتۆنۆمی خۆی بپارێزێت".
هەر لەوبارەوە نیكۆلاژ ڤێلمسن، ئەندامی ئەنجوومەنی ئەوروپا و ئەندامی پەرلەمانی دانیمارك پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات. ئەو پێیوانییە وڵاتانی دراوسێ هیچ مافێكیان هەبێ لە دەستوەردان لەو بابەتە.
"چەندین دەیەیە، توركیا و ئێران كوردی خۆیان دەچەوساندەوە، لەبەرئەوە مافی ڤیتۆیان لە دژی بڕیاری كوردی عێراق نییە". نیكۆلاژ داوای لە دەسەڵاتدارانی كوردستان كرد كە چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ كەركوك بدۆزنەوە و هەموو كەمینەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارەدا بەشدار بكەن.
پەرلەمانتاری كورد كوردۆ باسكی، لە پەرلەمانی سوید لەسەر لیستی پارتی سەوز كە وەكو ئەندامی یەدەگی پەرلەمانی ئەوروپاش هەڵبژێردراوە، دەڵێت كورد پێویست ناكات باجی ناسەقامگیریی عێراق بدەن "شەڕی سوننە و شیعە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، كورد نابێت باجی ئەوە بدەن". باسكی هەروەها دەڵێت "باشترین چارەسەر بۆ عێراق ئەوەیە كە دابەش ببێت بەسەر سێ دەوڵەتدا، سوننیستان، شیعەستان و كوردستان".
جیم كاریجیانس، پەرلەمانتاری پێشووتری كەنەدی و سەرۆكی ئێستای رێكخراوی G20 Human Rights كە رێكخراوێكە هەوڵ بۆ كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكان دەدات، كەمپینێكی لەسەر وێبسایتی رێكخراوەكە دەستپێكردووە بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.
كاریجیانس بە (رووداو)ی راگەیاند "عێراق لێكدەترازێت و ئێستا كاتی ئەوەیە كە رۆژئاوا، كوردستان وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ بناسێت".
تینی ناكسی پەرلەمانتاری هۆڵەندا و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاش پێیوایە كە ئەو بڕیارە دواجار لای خەڵكی عێراقە بە كوردیشەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی وڵاتەكە بدەن، بەڵام هۆشداریش دەداتە كورد و دەڵێت "پێویستە بەپێی یاسای وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەكان بجوڵێنەوە. نابێت ئەوان بڕیاری یەكلایەنە لەسەر كەركووك بدەن".
بەڵام هۆلگەر نیلسەن كە تاوەكو ساڵی رابردووش وەزیری دەرەوەی دانیمارك بووە و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە، دەڵێت كورد دەبێت پشتگیرییان لێبكرێت، چونكە ئەوان گرووپێكی سێكولاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن "من گومانم نییە لەوەی ئەم دۆخە بە سەربەخۆیی كۆتایی دێت، بەڵام گرنگە كە پەلەی تێدا نەكرێت. دەبێت تێگەیشتنی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی كوردی".
بە بۆچوونی فرێدریك مالم، پەرلەمانتاری سویدی لە فراكسیۆنی پارتی لیبراڵ، رۆژئاوا پێویستە پشتگیری كوردی عێراق بكات بۆ ئەوەی وەكو دەوڵەتێكی سێكولار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیردا بمێنێتەوە "ئەگەر عێراق بكەوێتە شەڕێكی نوێی درێژخایەنەوە، ئەوكات كورد دەتوانن پێداچوونەوە بۆ بژاردەكانی خۆیاندا بكەن، هیوادارم قبوڵكردنێكی نێودەوڵەتی بۆ بڕیارەكەیان هەبێت".
یەفە كۆفۆدی ئەندام پەرلەمانی دانیماركیش لە پەرلەمانی ئەوروپا هۆشداری دەداتە كورد كە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی بكەن. ئەو بە (رووداو)ی راگەیاند "بڕیارێكی یەكلایەنەی كورد بۆ سەربەخۆیی ئەگەری ئەوەی هەیە كە ببێتە سەرچاوەی ململانێی نوێ، چونكە بڕیارێكی لەوجۆرە ئەستەمە لەلایەن عێراق و وڵاتانی دراوسێوە قبووڵ بكرێت".
ئەلیزا ماركوس، شارەزایەكی ئەمریكی لەسەر پرسی كورد و نووسەری چەندین كتێب لەسەر كورد دەڵێت كوردی عێراق پێناچێت بڕیاری سەربەخۆیی بدەن ئێستا، چونكە دەستبەسەرداگرتنەكانی داعش هێندە گۆڕانكاری لە لێكدانەوە سیاسییەكاندا دروست ناكەن "ئەگەر كورد ئێستا بڕیار لە سەربەخۆیی بدەن، بە خائین و هەلپەرست لە كارەساتەكەی داعش بۆ سوودی خۆیان لەقەڵەم دەدرێن. لەبەرئەوە ئەو بارە هاوڕێ بۆ كورد لە ناوچەكەدا دروست ناكات". بە بڕوای ماركۆ، كورد پشتگیری ناوچەییان بۆ بڕیارێكی لەو جۆرە نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ