شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر بەڕێوەچوو

25-06-2024
هیدایەت جان
شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر
شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر بەڕێوەچوو و رێکخەرێکی کۆنفرانسەکە دەڵێت: "بۆ راکێشانی سەرنجی گشتییە بۆ دەرئەنجامەکانی تووندوتیژی سێکسی لە چوارچێوەی جینۆساید دا."
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024، شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دانانی پلان و گفتوگۆ بوو لەبارەی رفێنراوانی دەستی داعش کە لە هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 رفێنران و کارکردن بۆ شیاندنەوەی ئەو رزگاربووانەی دەستی داعش و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.
 
لە کۆنفرانسەکەدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق خزمەتی پێویست بە خوشک و برایانی ئێزدی بکرێت".
 
پشتیوان سادق ئاماژەی بەو ئازارانەدا کە کوردی ئێزدی بەهۆی هێرشی داعش رووبەڕووی بوونەتەوە و گوتی: "هەموو گەل و ئاینەکانی عێراق بەهۆی تیرۆریستانەوە تووشی نەهامەتی هاتوون، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان توانیان شکست بە تیرۆریستانی داعش بهێنن، دوای ئەو شکستە ئێستا پێویستە لەڕووی یاسایی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابوورییەوە گرنگی بە دۆخی خوشک و برایانی ئێزدی بدرێت".
 
نوێنەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگالی بە گەورەترین زیان بۆ ئێستا و ئایندەی ئێزدییەکان وەسفکرد و بە پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤی زانی، هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و حکومەتی عێراق کرد: "رێگە خۆش بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، پێویستە کەشێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی لە شنگال دروست بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی باوباپیرانیان".
 
پشتیوان سادق ئاماژەی بەو نەهامەتییە کۆمەڵایەتی و دەروونیانە دا کە کوردی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆک تێیکەوتوون و گوتی: "جگە لەو زیانە گەورەی لەڕووی رۆحییەوە بەر ئێزدییەکان کەوت،  10 ساڵە لەنێو کەمپەکاندا تووشی دەیان گیروگرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و پەروەردەیی بوونەتەوە" و چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانەی بە هەڕەشەیەک زانی بۆ "ئاشتی نێودەوڵەتی".
 
هاوکات، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا بەردەوامبوونی وڵاتەکەی لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ "ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر ئێزدییەکان کراوە لەبیر ناکرێن، دەبێ ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بدرێنە دادگە، ئەڵمانیا داوای دادگاییکردنی تاوانباری کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دەکات."
 
کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا باسی لەوەشکرد سەدان کەس لە ئێزدییەکان پێویستییان بە چارەسەری دەروونی هەیە و گوتی: "ئەڵمانیا دەستبەرداری دۆسیەی ئێزدییەکان نابێت و بەردەوام دەبێت. پێویستە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان، نابێت مانەوەی ئێزدییەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت."
 
د. خانزاد ئه‌حمه‌د، ئه‌مینداری گشتيی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان، لە گوتارێکدا رەخنەی لە بڕیارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گرت بەوەی "راگەیەنراوی بێناوەڕۆک" لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بڵاودەکاتەوە و رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵ کە بەردەوام لە رێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە فەرمانێک دەردەکات و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال دەکات، توانیویەتی لەبواری ئەمنی، سیاسی، ئابووری و سایکۆلۆجییەوە زەمینەیەکی لەبار بخوڵقێنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بە سەربەرزانە و بەبێ گرفت و دوودڵی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟".
 
د. خانزاد ئه‌حمه‌د ئاماژەی بە راپۆرتی رێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد کە بەهۆی قەرەبوونەکردنەوە و نەبوونی خزمەتگوزاری و نۆژەننەکردنەوەی خانووەکان و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکە لە ماوەی 10 ساڵی رابردووە، کەمترین ئاوارەی شنگال گەڕاونەتەوە ئەو شارە و داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد بۆ بەدیهاتنی ئەو پێوەرانەی زەمینە خۆشدەکەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال، بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێبکەن.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیارانی شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، ئامانجی ئەو کۆنفرانسە دانانی نەخشەرێگەیەکە بۆ نەهێشتنی کاریگەرییەکانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بەتایبەت کاریگەری تووندوتیژیی سێکسی دژی ژنان و کچان.
 
ئاڤان جەمال، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە دەڵێت: "لەبەرئەوەی هێشتا زۆربەی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن، ئەو پرسە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جیدی کاری لەسەر نەکراوە ، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی داعش بەو جۆرە تاوانە جەنگیانە تۆمەتبار کراون و ئێستا لە زیندانەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەدان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت یان سزا دەدرێن، بەڵام هەندێکیان بە هۆی زۆر هۆکاری جیۆپۆلەتیکی و داینامیکی دەسەڵات و پەیوەندییەکان سزا نەدراون .''
 
بە گوتەی ئاڤان جەمال: "ئامانجی کۆنفرانسەکە راکێشانی سەرنجی گشتییە بۆ دەرئەنجامەکانی تووندوتیژی سێکسی لە چوارچێوەی جینۆساید دا لەسەر ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی و تاوتوێکردنی رێوشوێن و چارەسەری کۆنکرێتی سەبارەت بە چەواشەکاریی و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رزگاربووان و منداڵەکانیان و هەروەها مافەکانیان."
 
هەر لەنێو کۆنفرانسەکەدا نوێترین ئاماری رفێندراوان و رزگاربووانی ئێزدی ژێر دەستی داعش بڵاوکرایەوە و راگەیێنرا، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندراون، کە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869یان نێرن. لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 576 کەسیان رزگارکراون.
 
یەک لە راسپاردەکانی ئەو کۆنفرانسە کارکردنی بەردەوام بوو بۆ رزگارکردنی ئەو رفێندراوانەی تاوەکو ئێستا لەژێر دەستی داعشن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.