رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هەفتەی داهاتوو نۆژەنکردنەوەی سایدێکی رێگەی هەولێر- خەبات تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرقاڵن دیزانێکی هاوچەرخ بۆ سەرانسەری شەقامەکە ئامادە دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەولێر-خەباتی بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئێستا سایدی گەڕانەوە لە خەبات بۆ هەولێر کاری لەسەر دەکرێ و هەفتەی داهاتوو کارکردن تێیدا تەواو دەبێ و دەکرێتەوە.''
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواوبوونی ئەو سایدە، دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سایدەکەی دیکەی رێگەکەش دەکرێت و گوتی: ''لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار قسەمان کردووە کە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێ.''
پێشتر نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەکە تەرخانکرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی دواخرا. پارێزگاری هەولێر لەبارەی هۆکاری دواخرانی پڕۆژەکە گوتی: ''لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی، زانیمان ژێرخانی رێگەکە هیچ مەرجێکی ئەندازیاری تێدا نییە و کاتی خۆی زۆر بە خراپی دروستکراوە. بۆیە ناچار بووین دووبارە گۆڕانکاری بەسەر بودجەکەدا بکەین و زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ دیاری بکرێ.''
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، پێشتر یەکێک لە سایدەکانی رێگەکە تەنیا دوو لاینی هەبووە و فراوانکردنی بۆ سێ لاین، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواخرانی نۆژەنکردنەوەکە بووە و گوتیشی: ''ئەوکات بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەردەست نەبوو.''
پڕۆژەکە، جگە لە فراوانکردنی سایدی هاتنەوەی خەبات بۆ هەولێر، هەڵگرتنەوەى تەواوى قیرتاوی رێگەکە و دووبارە بەردڕێژکردن و قیرتاوکردنەوەی لەخۆگرتووە.
رێگەی هەولێر-خەبات یەکێک لە رێگە ستراتیژی و بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکەیە و هەولێر بە هەردوو پارێزگای دهۆک و نەینەوا دەبەستێتەوە. پارێزگاری هەولێر گوتی: ''جگە لە بەستنەوەی هەولێر لەگەڵ موسڵ و دهۆک، ژمارەیەک بارهەڵگر لە تورکیاشەوە بەو رێگەیەدا دەگەڕێنەوە، ''بۆیە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دیزاینێکی هاوچەرخین بۆ هەموو شەقامەکە، واتە لە هەولێرەوە بۆ پشت خەبات.''
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئامادەبوونی دیزاینەکە، رێکارەکانی دەستپێکردن و دابینکردنی بودجەکەی دەگیرێتەبەر و لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە رێککەوتن دەکرێت.