نەوشیروان مستەفا وەسفی جادەی مەسیف دەكات

25-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوشیروان مستەفا نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو- هەولێر

نەوشیروان مستەفا دوای گەڕانەوەی لە پیرمام و لەكاتی سەردانكردنی بۆلای نێچیرڤان بارزانی وەسفی جادەی مەسیفی كردو رایگەیاند، رێگاوبانەكان باش بوون.

ئەمڕۆ دووشممە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. دواتریش دوای نیوەڕۆ خوانێك، سەردانی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە هەولێر.

پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵ گواستیەوە، لەكاتی دابەزینی نەوشیروان مستەفا و پێشوازیكردنی لە لایەن نێچیرڤان بارزانی تاوەكو ژوورەوە، گفتووگۆیەكی دوو قۆڵیان لەبارەی رێگاوبان ئەنجامدا.

نێچیرڤان بارزانی لە نەوشیروان مستەفای پرسیوە لە پیرمامەوە زوو گەیشتن، خۆ ماندوو نەبوون؟ لە وەڵامیشدا نەوشیروان مستەفا گوتوویەتی: ماندوو نەبووین، رێگاوبانەكان باشبوون.

لەبارەی سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ لای مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان   بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند،  لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك تەوەر خرانە بەر باس و گفتووگۆ بەتایبەتی پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاردرا ئەو پەیوەندیانە بەرەو باشی بچن.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەكرا كێشەكانی رابردوو لەبیر بكرێن و زیاتر سەیری ئایندەی پەیوەندییەكان بكرێت لەنێوان ئەم دووهێزەدا.

فوئاد حوسێن گوتیشی "لە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا زیاتر باس لە پێكهێنانی حكومەت كرا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە