رووداو - سلێمانی
مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، داوای سڕكردن (تەجمیدكردن)ی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشكی هێرۆخان و بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی كردووە.
سەرچاوەیەك لە باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا مەلا بەختیار لە نووسراوێكدا داوای لە رەفعەت عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی كردووە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد (تەجمید) بكات، بەهۆكاری ئەوەی دەستی لە قوڵبوونەوەی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە، بەڵام تاوەكو ئێستا زانیاری نییە رەفعەت عەبدوڵڵا بڕیاری تەجمیدكردنی بۆ شاناز دەركردووە یان نا".
رۆژی شەممە 24-12-2016، بەسەرپەرشتی مەلا بەختیار، 35 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی نهێنییان ئەنجامداوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە كۆسرەت رسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشدارییان نەكردووە.
سەرچاوەكەی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی، هۆكاری ئامادەنەبوونی جێگرانی تاڵەبانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لە دەرەوەی وڵاتن، بەڵام لێكدانەوەی جیاواز بۆ هۆكاری ئامادەنەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرێت، وەك سەرچاوەكە گوتی "یەكێك لە هۆكارەكان داواكارییەكەی مەلا بەختیارە بۆ تەجمیدكردنی شاناز و، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەو داواكارییە نیگەرانە".
لەسەر هەمان پرس، رووداو پەیوەندی بە كۆمەڵێك سەركردەی یەكێتییەوە كرد، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن و، نە پشتڕاستیان كردەوە تەجمید كرابێت، نە رەتیان كردەوە.
رەفعەت عەبدوڵڵا، بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لە كۆبوونەوە نهێنییەكەی سەركردایەتی یەكێتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تەجمید نەكراوە، تەنانەت باسی ئەو بابەتەش نەكراوە.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی نووسینی چەند گوتارێك لەسەر یەكدی، گرژی لەنێوان مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی دروستبوو و، رەخنەی تووندیان ئاراستەی یەك كرد.
جگە لە حیزبایەتی، مەلا بەختیار و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوژینی مام جەلال و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پەیوەندی خزمایەتییان هەیە، پاڤێڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی مام جەلال لەگەڵ كچێكی مەلا بەختیار بەناوی لاڤە هاوسەرگیری کردووە و منداڵێکیان هەیە بەناوی كۆبان.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ