لە بازگەی دێگەڵە دەستبەسەر زیاتر لە 25 تۆن هێلکەدا دەگیرێت

25-12-2019
گۆڤەند مستەفا
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر: هەزار و 50 کارتۆن هێلکەیە
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر: هەزار و 50 کارتۆن هێلکەیە
نیشانەکردن هێلکە دێگەڵە
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

لە بازگەی دێگەڵە دەستبەسەر زیاتر لە 25 تۆن هێلکەدا دەگیرێت و قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش دەڵێت، هێلکەکان شیاوی خواردن نین، رێککەوتی دەرچوونیان مانگی یەکی ساڵی داهاتووی لەسەرە.
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە 25-12-2019 لە بازگەی دێگەڵە دەستبەسەر بارهەڵگرێکدا گیرا کە زیاتر لە 25 تۆن هێلکەی پێبووە، خاوەنەکەی دەیویست لە سلێمانییەوە ئەو هێلکانە بهێنێتە هەولێر، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە دەستی بەسەردا گیرا، ئێستاش هێلکەکە گەیشتووەتە دەست تیمەکانی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ ئەوەی لەنێوببرێن".
 
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "بەداخەوە ئەو هێلکەیە لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هێنراوە، ئەمڕۆش لە بازگەی دێگەڵەوە هەوڵی ئەوە درا بهێنرێتە نێو شاری هەولێر و ساخبکرێتەوە، لەلایەن بازگەی دێگەڵە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەردا گیرا و بەشی ئابووریش بۆ ئێمەیان نارد".
 
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێلکانە شیاوی خواردن نین، هەزار و 50 کارتۆن هێلکەیە، بڕکەی زیاتر لە 25 تۆن دەبێت.
 
بە گوتەی قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەو هێلکەیەی دەستی بەسەردا گیراوە چەند جۆرێکن "جۆرێکیان 400 کارتۆنە کە رێککەوتێکی لێدراوە لە 13-1-2020 بۆ 13-3-2020، لەکاتێکدا ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەو رێککەوتە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ساختەیە".
 
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "جۆرێکی دیکەیان رێککەوتی سێ مانگی لێدراوە و ئەوەش بەپێی هەموو رێنماییەکان رێگەپێدراو نییە، جۆرێکی دیکەیان رێککەوتی یەک مانگی لێدراوە بەبێ دیاریکردنی رۆژەکەی، هەندێکیشیان رێککەوتیان بەسەرەوە نییە".
 
هێنانی ئەو هێلکانە لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق هاوردەکردنی هێلکەی لە تورکیا و ئێرانەوە قەدەخە کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەند بووە، سەبارەت بە هێنانی ئەو هێلکانەش لە سنووری باشماخەوە بۆ کوردستان، نەبەز عەبدولحەمید دەڵێ "هێنانی بارهەڵگرێک بەنێو بازگەدا بێت، بێگومان بە زەبری هێز بووە، ئەمە جاری یەکەمیش نییە، لە ماوەی رابردوودا 90 تۆنی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە".
 
سەبارەت بە رێکارەکان بەرامبەر بە هێنانی ئەو هێلکانە بۆ نێو شاری هەولێر، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتی "بەپێی ئەو رێنمایی و یاسایانەی لەبەردەستماندایە بە تووندترین شێوە سزای خاوەنەکەی دەدەین، هەر ئەمڕۆیش لە رێگەی لیژنەی ڤێتێرنەری کۆنووسێک ئامادە دەکرێت و بڕیاری لەنێوبردنی هێلکەکەی لەسەر دەدرێت و رێگەنادەین ببرێتە نێو بازاڕەکان".
 
لەبارەی زیانە تەندروستییەکانی خواردنی ئەو هێلکانەش دکتۆر مامەند، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەولێر لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند "بەپێی رێنماییەکان، هێلکەی خواردن تەمەنی تەنها 30 رۆژە، ئەوانەی ماوەی تەمەنی سێ مانگە لەڕووی پێکهاتەوە رەنگە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت و بۆگەنی کردبێت".
 
لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی 10 پرۆژەی بەخێوکردنی مریشک بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، بەپێی ئامارەکانی ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە یەک ملیار و 200 ملیۆن هێلکە بەرهەمدەهێندرێن، بەپێی ستانداردەکان ئەگەر بێتو ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەر کەسێک 150 هێلکە بخوات، ئەوە هەرێمی کوردستان بە تەنیا پێویستی بە 850 ملیۆن هێلکە هەیە، بەڵام لە کۆی بەرهەمهێنانی هێلکە، 95%ـی هێلکەی بەرهەمهاتوو رەوانەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە