گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرا. ئێستا کارکردن لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەدا بەردەوامە. 
 
بە گوێرەی گرێبەستی قەیوان گرووپ، جێبەجێکاری پرۆژەکە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بە چەند قۆناخێک تەواو دەکرێت. قۆناخی یەکەمی لە شارۆچکەی تاسڵوجەوە دەست پێدەکات تاوەکو گوندی دەمرکانی سەر بە شارۆچکەی عەربەت. تەواوی تێچووی قۆناخی یەکەمیش 400 ملیار دیناری عێراقییە.
 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوە و یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان کە بە تەواوبوونی قەرەباڵخیی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکانی سلێمانی کەمدەکاتەوە.
 
ئەبوبەکر تەیب حەسەن، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە رۆژی دەستپێکردنییەوە پرۆژەکە نەوەستاوە، ئەو رۆژانەی بارانیش بووە، لەو بەشانەدا کارکراوە کە کۆنکرێتن "یانی ئێستا لە هەر 32 کیلۆمەترەکەی کە دانراوە بۆ قۆناخی یەکەم، کاری تێدا دەکرێت". 

ئەبوبەکر تەیب ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو جەوەی لەم زستانەدا هاتە پێشەوە، قۆستمانەوە بۆ کارکردن لەو شوێنانەی کۆنکرێتن و کاری پڕکردنەوەی تێدا دەکرێت، لە کارکردنی کۆنکرێت و پڕکردنەوەی قەمتەرەکان نەوەستاوین.. ئێستا دەستمان کردووە بە یەکتربڕەکان، پردێک هەیە نزیکەی 500 مەتر درێژە، ئەم پردە چوار پردە، دووانی بۆ رۆیشتنە و دووانی دیکەش بۆ هاتن، ئێستا دەستکراوە بە ئەپارتمێنتی یەکەم، واتە دەستکراوە بە دروستکردنی هەر چوار پردەکە و پایەکانیان".