رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو وەرزشڤانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تایلاند بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، گەڕێندرایەوە سەقز و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بەخاکسپێردرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز تەرمی فەریار ئەمینیپوور، پاڵەوانی هونەرەکانی بەرگری بەخاکسپێردرا، کە شەوی 10-01-2024 لە شاری فووکێتی تایلەند بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا بە هەزاران کەس بەشدار بوون و لە سەرەتای شاری سەقزەوە تاوەکو گۆڕستان خەڵک لە پێشوازی تەرمەکەدا وەستابوون.
فەریار ئەمینیپوور 23 ساڵان و خەڵکی سەقز بوو. پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی موویتای ئێران بوو. نزیکەی دوو ساڵ بوو لە تایلاند و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئاسیا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی هونەری بەرگریدا دەکرد و یاریزانێکی ناسراوی ئەو بوارە بوو.
ئەو توانیبووی لە کێبڕکییەکاندا شکست بە ژمارەیەک لە یاریزانانی ناسراوی هونەری بەرگری بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ