عوبەیدە غەزبان، توێژەر و راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پێشکێشکاری رووداو نالین حەسەن لەگەڵی ئەنجامداوە، باس لە دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات.
غەزبان ئاماژە بەوە دەکات ئاگربەستی ئێستا دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە "تێکهەڵکێشبوونێکی" سیاسی و سەربازی، نەک تەنیا هەنگاوێکی کاتی.
لەو دیدارەدا، راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، حکومەتی سووریا پێشنیازی پۆستی باڵای وەک "جێگری وەزیری بەرگری" و "پارێزگار"ی بۆ فەرماندەکانی هەسەدە کردووە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە یەکگرتنەوەی سەربازی دەبێت لەسەر بنەمای تاکەکەسی بێت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سوپا.
غەزبان وێڕای رەتکردنەوەی چەمکی ئۆتۆنۆمی، باس لە جێبەجێکردنی نامەرکەزییەتی ئیداری دەکات و دەرگای دیمەشق بەڕووی هەموو لایەنە کوردییەکاندا واڵا دەکات بۆ دیالۆگی نیشتمانی.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەڕێز ئوبەیدە، رۆژباش و بەخێر بێیت بۆ سەر شاشەی رووداو.
عوبەیدە غەزبان: رۆژباش خاتوو نالین و سوپاس بۆ میواندارییەکەت.
رووداو: بەڕێز ئوبەیدە، با لە ئاگربەستەوە دەست پێ بکەین. ئایا رێککەوتنەکانی ئاگربەستی ئێستای حکومەتی سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەنگاوێکی ناچارییە، بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق ئەو هەنگاوەتان ناوە؟ یان دەتانەوێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ هەسەدە؟
عوبەیدە غەزبان: خاتوو نالین لە نێوان هەردوو لایەندا ناکۆکی نییە، بەڵکو هەندێک رەچاوکردنی مەیدانی هەن، کە پەیوەندییان بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراقەوە هەیە، لایەنێکی دیکەیشی هەیە، کە پەیوەندی بە سەلماندنی نییەتپاکیی و هێشتنەوەی هێڵەکانی دیالۆگ و دانوستاندنەوە هەیە، بە مەبەستی گەیشتن بە تێکهەڵکێشبوونێک (ئینتیگراسیۆن) کە بەرژەوەندیی هەموو لایەکی تێدا بێت، لە نێویاندا هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیشی.
هەر بۆیە بێگومان ئەم رەچاوکردنە مەیدانییە پەیوەندییەکی سیاسی بە دانوستاندنەکانەوە هەیە و هیوادارین کارەکان پێکەوە بڕۆن، نەک ئەوەی 15رۆژەکە کۆتایی بێت و دواتر بگەڕێینەوە سەر دانوستاندن، بەڵکو جێبەجێکردنی راستەقینە لە لایەنی تێکهەڵکێشبوون و وەرگرتنی پۆستەکانەوە، بەپێی رێککەوتنەکە دەست پێ بکات، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەو ناوانەین، کە بڕیارە لە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بێن و هەروەها چاوەڕێی میکانیزمی تێکهەڵکێشبوونەکەین، کە بە شێوەیەکی گونجاو و ئاسان جێبەجێ بکرێت.
رووداو: بەڕێز ئوبەیدە، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێن لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانێی گەمارۆدراو. بۆچی لەلایەن ئەم هێزانەوە ئاگربەست پێشێل دەکرێت؟ ئایا هەموو پێکهاتەکانی سوپای عەرەبیی سووریا فەرمانەکانیان لە یەک لایەن وەرناگرن؟
عوبەیدە غەزبان: نەخێر، بێگومان دیسپلینێکی بەرز و رێکخستنێکی سەربازی هەیە، کە وەک بینیمان ئێستا یەکگرتووە، نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیش بینیمان، هیچ لادانێک لەو ڕێکخستنانە رووی نەدا و لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و ئاستی تاکەکەسییش پابەندی و دیسپلینێکی بەرز هەبوو. ئەم پێکدادانانەش دەتوانین بڵێین لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بووە و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانیش باسی لە پێشێلکارییەکانی لایەنی هەسەدە کردووە و بەڵگەی کوژرانی چەندین مەدەنی بە هاوەن یان بە نیشانەشکێن و هتد لەبەردەستدایە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت جەختی لێ بکەینەوە ئەوەیە، کە ئەم پێشێلکارییانە نابێتە هۆی تێکچوونی ئاگربەست و ئەو مۆڵەتەی دراوە.
لە هەمان کاتدا، کۆریدۆری مرۆیی هەن کە دوێنێ راگەیێندراون و کاروانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پارێزگای حەڵەب دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ ئەوەی بگەن. بۆیە ئامانجی سەرەکیی هەموو رێککەوتنەکان لەگەڵ هەسەدە ئەوەیە، تا دەکرێت تێچووی مرۆیی و ماددی کەم بکرێتەوە. بۆیە هەمیشە دەرفەتی زیاتر دراوە و نزیکبوونەوە هەبووە و هیوادارین زمانی عەقڵ و دیالۆگ زاڵ بێت. چارەسەری سەربازی لەوانەیە لای هەردوو لایەن هەبێت، بەڵام بژاردەی سەرەکیی نییە و هیوادارین لە داهاتوودا بەتەواوی دوور بخرێتەوە.
رووداو: ئایا حکومەتی سووریا بەڕاستی دەیەوێت لەگەڵ هەسەدە رێکبکەوێت یان دەیەوێت لەناوی ببات؟
عوبەیدە غەزبان: دوو لایەن بۆ ئەم پرسیارە هەیە؛ لایەنی یەکەم بەڵێ، حکومەتی سووریا نەک تەنیا لەگەڵ هەسەدە، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵ هەموو هێزە سیاسی و سەربازییەکان رێکبکەوێت. ئەمە رێچکە و میتۆدۆلۆژییەکە کە لە کۆنگرەی سەرکەوتنەوە دەستی پێکردووە، بە یەکخستنی گرووپەکان و بەهێزکردنی سوپا، سەرەڕای جیاوازیی بیروڕا و ناکۆکییە بنەڕەتییەکان، ساڵێکی خایاندووە، بەڵام لە هەموو ئەو ماوەیەدا پەنا بۆ چارەسەری سەربازی نەبراوە. لایەنی دووەم ئەوەیە کە هەسەدە ئێستا وەک پێکهاتەیەک کە جەماوەرە گەورەکەی خۆی لەدەستداوە، کە ئەویش یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینە چەکدارەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەندێک گرووپی عەرەبی بوون. دوای ئەوەی گرووپە عەرەبەکان لە هەسەدە چوونە دەرەوە، ئەوەی ماوەتەوە جەماوەرێکی نزیک لە یەپەگەیە، نەک هەسەدە.
بۆیە ئامانجەکە لەناوبردنی نییە، بەڵکو گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک کە سێ بابەتی سەرەکی بپێکێت: یەکەم، پاراستنی مەدەنییەکان؛ دووەم، بەهێزکردنی سەروەری بە شێوەیەک کە ئاسایشی سووریا بپارێزێت و سەرچاوە ئابوورییەکان زیاد بکات؛ سێیەم، سەقامگیریی ناوچەیی. ئەمانە هەمووی فاکتەرن لەناو هاوسەنگییەکدا کە هیوادارین ببێت.
رووداو: بۆچی قبووڵ ناکەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک فیرقەیەکی سەربازی لە ناو پێکهاتەی سوپای عەرەبیی سووریادا جێگەی ببێتەوە؟
عوبەیدە غەزبان: خاتوو نالین، ئەو لایەنەی ساڵی رابردوو ئەم بژاردەیەی رەتکردەوە هەسەدە بوو نەک حکومەتی سووریا. رێککەوتنەکە وابوو کە سێ فیرقە و دوو لیوا لە ناو سوپادا جێگەیان ببێتەوە، لە نێویاندا یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و هێزەکانی دژە تیرۆریش هەبوون. پێموایە ئەمە ئیتر نهێنی نییە. بۆیە ئەوەی رەتیکردەوە هەسەدە بوو. ئێستا بە گۆڕانی بارودۆخی مەیدانی، ئەو بژاردەیە ئیتر لەبەردەست و پێکان نییە، بەڵام لە بەرامبەردا، بەشداریکردن وەک تاکەکەس هێشتا بوارێکی گەورە بۆ هەسەدە دەهێڵێتەوە. هەروەها ئەگەر باسی ئاستی پۆست و پلەکان بکەین، بەشدارییەکی گەورە بۆ هەسەدە هەیە، چ لە ئاستی خۆجێی و چ لە ئاستی ناوەندی. باسی پۆستی جێگری وەزیری بەرگری، پارێزگار و پۆستە کاریگەرەکانی دیکە دەکەین.
رووداو: بەڵام بەڕێز ئوبەیدە، ماڵپەڕی (Al-Monitor)ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، کە لە کۆبوونەوەی ٤ی ئەم مانگە لە شام لە نێوان مەزلووم عەبدی و وەزیری بەرگریی سووریا مورهەف ئەبو قەسرە، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کێڤن لامبێرت، لەسەر بەشداریکردنی هەسەدە بە سێ فیرقە و دوو لیوا رێککەوتن کراوە، بەڵام لەپڕ وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی هاتووەتە ناو کۆبوونەوەکە و داوای لە فەرماندە ئەمریکییەکە کردووە بڕوات و دواتر بە مەزلووم عەبدی گوتووە: "بگەڕێوە، ئێستا رێکناکەوین". ئایا ئەمە راستە؟
عوبەیدە غەزبان: خاتوو نالین، لە لایەن ئێمەوە ئەم دیمەن و وردەکارییانە بەتەواوی رەتکراونەتەوە. ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە لە ناو پێشنیازەکاندا، پێشنیازی سێ لیوا لە لایەن سووریاوە پێشکەش کرابوو نەک هەسەدە و رەتکردنەوەکەشی پەیوەندی بە لایەنەکانی دیکەوە هەبوو.
سەبارەت بە دەرکردنی فەرماندە ئەمریکییەکەش، ئەوە زانیارییەکی ناڕاستە، چونکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەو شێوەیە نین و دوای ئەوەش ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لە نێوان دەوڵەتی سووریا و هاوپەیمانان بینیوە.
رووداو: بەڕێز ئوبەیدە، لە ناو کورددا دەنگۆیەک هەیە کە وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێز ئەسعەد شەیبانی، دژی هەسەدە و بوونی ئیدارەیەکی کوردییە لە ناوچە کوردییەکان، تەنانەت زیاتر لە سەرۆککۆمار. ئایا ئەمە راستە؟
عوبەیدە غەزبان: ئەمەش بەتەواوی رەتدەکەینەوە. بەڕێز ئەسعەد خۆی پڕۆسەی دانوستاندنی بەڕێوە دەبرد و پێشنیازی ئەرێنی دەخستە روو. جگە لەوەش، بەڕێز وەزیر خەڵکی حەسەکەیە و بەتەواوی ئاگاداری هەستیاریی ناوچەکەیە و دەزانێت کە پێویستی بە رێککەوتنی عەرەب و کورد هەیە. ئەو قوتابخانەیەکی سیاسییە کە لەسەر دیالۆگ و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.
رووداو: دوای ئەم پێشهاتە مەیدانییانە، ئایا راستە رێککەوتنێک لەگەڵ "تۆم باراک" هەبووە کە هەسەدە وەک سێ لیوا لە حەسەکە و لیوایەک لە کۆبانێ لەژێر فەرماندەییەکی کورددا بمێننەوە، بەڵام ئێوە رەتتان کردەوە؟
عوبەیدە غەزبان: وەک وتم، پێشنیازەکان نووسراون. ئەو فەرماندە کوردەی پێشنیاز کراوە بۆ پۆستی جێگری وەزیری بەرگرییە، کە پۆستێکی گرنگە. بەڵام تێکهەڵکێشبوونەکە وەک تاکەکەس دەبێت نەک وەک بلۆکێکی سەربازیی سەربەخۆ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دۆکتۆرینێکی سەربازیی یەکگرتوو بۆ سوپا دروست ببێت.
رووداو: بۆچی مەرج دادەنێن هەسەدە وەک تاکەکەس بچێتە ناو سوپا، لە کاتێکدا سوپا خۆی فیرقەی تێدایە کە لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێکهاتووە؟ بۆ نموونە "ئەبو عەمشە" کە لە لیستی سزاکاندایە، فەرماندەی فیرقەی 25ـە؟
عوبەیدە غەزبان: دەمەوێت روونی بکەمەوە، کە ئەوانە سزای ئابووری بوون نەک لیستی تیرۆر. هەروەها "محەمەد جاسم" (ئەبو عەمشە) وەک تاکەکەس چووەتە ناو سوپا نەک وەک بلۆک. تەنانەت ئەو بلۆکەی ئەویش هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەو ناوەی لە لایەن هەسەدەوە پێشنیاز دەکرێت، پلە و پۆستەکەی زۆر لە هی ئەبو عەمشە بەرزتر دەبێت.
رووداو: بۆچی بە بڕیارێکی فەرمی رێگری لە هێرشی عەشیرەتە عەرەبەکان دژی هەسەدە ناکەن؟
عوبەیدە غەزبان: ئەوە روویدا و لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرا. ئەو راپەڕینە جەماوەرییەی عەرەبەکان ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی هەسەدە بوو لەو ناوچانە، وەک سەربازیی زۆرەملێ و گرتنی هەڕەمەکی. بەڵام کاتێک سوپا چوو، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرا. پێویستمان بە یاسایەکە بۆ قەدەغەکردنی گوتاری رق و کینە.
رووداو: وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە کە سووریا بەڵێنی داوە چەکدارە ئۆیغوورەکان کۆنتڕۆڵ بکات. ئایا دەتوانن 4 هەزار ئۆیغوور لە ناو سوپای سووریادا کۆنتڕۆڵ بکەن؟
عوبەیدە غەزبان: ئێمە وەسفکردنی چەکدارەکان بۆ چین جێدەهێڵین. بەڵام بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ کارێکی دەرەوەی یاسا لە ناو دامەزراوەکانی ئێمەدا رووی نەداوە.
رووداو: ئایا ئامادەن ئۆتۆنۆمی یان نامەرکەزییەت بدەنە ناوچە کوردییەکان؟
عوبەیدە غەزبان: با جیاوازی بکەین؛ ئۆتۆنۆمی وەک "دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا" قبووڵکراو نییە، چونکە زیان بە سەروەریی سووریا دەگەیەنێت. بەڵام نامەرکەزییەتی ئیداری بەپێی یاسای 107 جێبەجێ دەکرێت و دەسەڵاتی زۆر دەداتە ناوچەکان. رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەمیش باس لە "بەڕێوەبەریی ناوخۆیی" دەکات بۆ حەسەکە و کۆبانێ.
رووداو: ساڵی رابردوو لە قامیشلۆ کۆنگرەیەک بە بەشداری نوێنەری سەرۆک بارزانی و لایەنە کوردییەکان کرا و داوای ئیدارەی خۆسەریان کرد. ئایا ئامادەن پێشوازی لەو شاندە بکەن کە لەو کۆنگرەیەوە پێکهاتووە؟
عوبەیدە غەزبان: ئێمە هیوادارین شام ببێتە ناوەندی چالاکییە سیاسییەکانی کورد. کێشەی ئەو کۆنگرەیە ئەوە بوو کە باسی "رۆژئاوا" و "کوردستانی سووریا"یان دەکرد، کە ئەمە دەستوەردانە لە سەروەری. بەڵام بەشداریی سیاسی کراوەیە و ئێمە ئامادەی پێشوازین لە هەر شاندێکی کوردی.
رووداو: ئایا لەم نزیکانەدا بانگهێشتنامە بۆ ئەو شاندە نێردراوە؟
عوبەیدە غەزبان: زانیاریم نییە کە نێردراوە یان نا، بەڵام ئەگەر داوای سەردان بکەن، دەرگای شام کراوەیە.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز عوبەیدە غەزبان، توێژەر و راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا، کە لە شامەوە لەگەڵمان بوویت.
عوبەیدە غەزبان: سوپاس خاتوو نالین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ