رووداو – هەولێر
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەو دۆخەی ئێستا، کە خەرجییەکان زیاترن لە داهات، دەبێ بیر لە دەستکاریکردنی مووچە بکرێتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن بەشداریی بەرنامەی لەگەڵ رەنج-ی تەلەڤزیۆنی رووداوی کرد. لەبارەی هاتنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ پارەکە لە بەغداوە خراوەتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان"، وەک خۆی دەڵێ "ئەوەش دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق".
ئاوات شێخ جەناب هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ قەدەخەی هاتووچۆ و نەبوونی دەوام لە بانک و وەزارەتەکان گەڕاندەوە و دەڵێ "بەهۆی کۆرۆنا لە بەغدا دەوام نییە، ئێمەش بۆ نیوەی مووچەی فەرمانبەران چاوەڕوانی بەغداین". سەبارەت بەوەی ئایا مەترسی هەیە مووچە ئیتر لەو بارودۆخەدا بەوشێوەیە دوابکەوێت، گوتی "مەوعید بەغدا دیاریدەکات و ئەگەری زۆرە دوابکەوێ".
لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی نەوت دابەزیوەو قەدەخەی هاتووچۆش دەوامی فەرمانگەکانی راگرتووە و داهاتی ناوخۆ کەمبووەتەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە ئایا لەو دۆخەدا بەنیازن دەستکاریی مووچە بکەن؟، ئاوات شێخ جەناب گوتی: "ئەگەر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و راستگۆ بین دەبێ بیری لێبکەینەوە، چونکە ئێستا خەرجییەکانمان زیاترە لە داهات".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند، دوای چەند رۆژێک دواکەوتنی و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە، مووچە بە میکانیزمێکی نوێ دابەشبکرێت.

