رووداو-هەولێر
دوای ئەوەی بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەموو رێستۆرانتەکان داخران، ئێستا تەنیا بەرێگەی دیلیڤەری رێگە دەدرێتە رێستۆرانتەکان خواردنەکانیان بگەیێننە دەست کڕیارەکانیان بەڵام دەگوترێت، خواست زۆر کەمبووەتەوە.
بەهۆی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانیان ناتوانن لە ماڵەوە بێنەدەرەوە، بۆیە لەرێگەی دیلیڤەری داوای خواردن لە رێستوانتەکان دەکەن، ئاڵا خەیات ئەندازیاری تەلارسازییە و بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە ئێستا لە ماڵەوە دانیشتووە، بە دیلیڤەری داوای خواردنی لەیەکێک لە رێستۆانتەکانی هەولێر کردووە.
ئاڵا خەیات لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند" لەبەر ئەوەی ماوەیەکە لە ماڵەوەین بیری خواردنی رێستۆرانتەکانمان کردووە، لە ماڵەوە ئەم جۆرە خواردنانە ئامادە ناکرێت، بۆیە ئەمڕۆ من داوای دیلیڤەریم کردووە، هەرچەندە لە جاران کەمتر داوای دیلیڤەری دەکەین، چونکە ئێستا هەموو کات لە ماڵەوە دەمێنینەوە و کاتمان بۆ دروستکردنی چێشت هەیە، بەڵام جارجاریش خۆشە بەیادی جاران تامی خواردنی رێستۆرانتەکان بکەین".
بەشێکی کەم لە رێستۆرانتەکانی هەولێر خواردن بە دیلیڤەری پێشکەشدەکەن، سوار عەزیز، چێشتلێنەری یەکێک لە رێستۆرانتەکانی هەولێر بە رووداوی گوت "لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێستا خەڵک کەمتر داوای دیلیڤەری دەکات، بۆیە ژمارەیەکی کەم رێستۆرانت خواردن بە دیلیڤەری پێشکەشدەکەن، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی کارمەندان و کرێکارەکانمان بێ ئیش نەبن رۆژانە خواردن بە دیلیڤەری بۆ هاونیشتمانیان دەنێرین، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رێنماییەکانی تەندروست لە رێستۆرانتەکەمان جێبەجێ دەکەین".
هەڵبەتە پێشتریش لە هەرێمی کوردستان، خەڵک کەمتر داوای خواردنیان بە دیلیڤەری دەکرد، هەمیشە خەڵکی هەرێمی کوردستان حەز دەکەن خۆیان لە رێستۆرانتەکان بە گەرمی خواردنەکان بخۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵکی بیانی زۆر رووی لە هەرێمی کوردستان کردووەو لە هەولێر دەژین، کولتووری دیلیڤەری لە کورستانیش پەرەی سەندووە.