پارێزگاری کەرکووک دوو دەسەڵات لە جێگرەکەی وەردەگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک دوو بەش لە نووسینگەی جێگری پارێزگار جیا دەکاتەوە و دەیانگەڕێنێتەوە سەر نووسینگەی خۆی، کە تایبەتن بە موڵک و کاروباری هاووڵاتییان لەگەڵ رێپێدانی ئەمنی.
 
ئەو بڕیارەی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە 23ی نیسانی 2026، وەک فەرمانی کارگێڕی دەرکراوە و ئاراستەی چەند شوێنێکی کردووە کە یەکێکیان نووسینگەی جێگری پارێزگارە.
 
بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ئەو بڕیارە، بەشی موڵک و کاروباری هاووڵاتییان لەگەڵ بەشی رێگەپێدانی ئەمنی کە پێشتر سەر بە نووسینگەی جێگری پارێزگار بوون، دەبەسترێنەوە بە نووسینگەی پارێزگار و بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، پارێزگار بۆی هەیە هەندێک لە دەسەڵاتەکانی بداتە جێگر و یاریدەدەرەکانی.
 
دوو سەرچاوەی بەرپرس لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: بەر لە دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێ، ئەو دوو دەسەڵاتە لەلای جێگری پارێزگار بووە.
 
محەممەد سەمعان لەسەر پشکی بەرەی تورکمانی لە 16ی نیسان بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا لە شوێنی رێبوار تەها، پارێزگاری پێشوو، کە پۆستی جێگری پارێزگاری پێدرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە