رووداو دیجیتاڵ
لە گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی هەشت هەزار دۆنم زەویی گەنم سووتا. بە گوێرەی سەرچاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رووبەرێکی گەورەی زەویی گەنم کە نزیکەی هەشت هەزار دۆنم دەبێت، لە سنووری گوندەکانی کەلەهـ، عومەراک، خەراب خێل، گرک، ستی، زنارێ قەل و چەندین گوندی دیکە سووتاوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.
رۆژی هەینی، 26-5-2023، لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداودا کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، بەختیار حوسێن، هاونیشتمانیی گوندی ستیی رۆژئاوای کۆبانێ گوتی، "تەنیا لە گوندی سی نزیکەی 90 هێکتار (360 دۆنم) سووتاوە؛ لە گوندی گرکیش زیاتر لە 100 هێکتار (400 دۆنم) سووتاوە."
ئاگرەکە لە کاتێکدایە کە گەنم وشک بووە و وەرزی دروێنە لە کۆبانێ دەستیپێکردووە.
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەشکرد کە "لە ئەنجامی بێئاگایی جووتیار و کرێکارانی نێو زەوییەکان و نەزانینیان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، یانیش لە ئەنجامی خەمساردیی رێبوارەکانەوە، ئەم جۆرە ئاگرانە هەموو ساڵێک دروست دەبن."
حەوت ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژاندنەوە و ژمارەیەک تراکتۆری خەڵکی گوندەکان لە ماوەی نزیکەی کاژێرێکدا ئاگرەکەیان کوژاندەوە، ئەمە وەک بەختیار حوسێن باسی کرد.
لە 22ـی ئایاریش، لە گوندەکانی هاروون و دەربەلنۆب لە رۆژئاوای شارە کوردییەکە، ئاگر لە زەویی گەنم کەوتەوە، بەڵام توانرا زوو کۆنترۆڵ بکرێت.
بەختیار حوسێن گوتی، "بە گوێرەی ئەو پسپۆڕانەی کە قسەم لەگەڵیان کردووە، لە کۆبانێ زیاتر لە 28 هەزار هێکتار (112 هەزاردۆنم) زەویی بەرئاو هەیە. 75٪ـی ئەو زەوییانە کراونەتە گەنم کە هێشتا بەرهەمەکەیان پێنەگەییوە و بەشێکیان سەوزن؛ هەروەها زیاتر لە 60 هەزار هێکتار (240 هەزار دۆنم) زەویی دێم هەیە، کە 50٪ گەنم و 50٪ـی دیکەش جۆ، نۆک و شتی دیکەیە، 10 دۆنمی دیکەش دارودرەختی وەکو زەیتوون و فستەقی لێ چێندراوە".
هاوکات جەمشید محەممەد، هاونیشتمانیی گوندی ئەلقۆسی هەرێمی جزیرێی رۆژئاوای کوردستان رۆژی هەینی بە رووداوی راگەیاند، لە گوندەکەی ئەوانیش ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام زوو کۆنترۆڵکراوە، چونکە لە نزیک ماڵەکان بووە و خەڵکەکە زوو فریای کەوتوون.
بە گوێرەی ئەو هاونیشتمانییە، "یەک هێکتار" زەوی سووتاوە و "رووداوەکە بەهۆی یاریکردن بووە بە ئاگر لە لایەن منداڵێکەوە".
دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەند رۆژێک لەمەوبەر داوای لە جووتیاران کرد، رێوشوێنی پێشوەخت بگرنەبەر و یارمەتیی دامودەزگاکان بدەن، روونیشیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرس نابێت لە سووتانی زەوییەکان و قەرەبووکردنەوەی جووتیاران.
بەختیار حوسێن بە رووداوی گوت، کۆبانێ "بەسەر سێ ناوچەدا دابەشکراوە؛ باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا؛ لە هەر ناوچەیەک زیاتر لە شەش تیمی ئاگرکوژاندنەوە جێگیرکراون،" هەروەها سوپاسی شارەوانیی کۆبانێ کرد کە "بە شێوەیەکی فیداکارانە" ئاگری رۆژی پێنجشەممەیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ