"مۆتێل و هۆتێلەکانی سلێمانی داشکاندنێکی ئەوتۆیان بۆ گەشتیاران نەکردووە"

26-06-2017
گۆڤەند مستەفا
20 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە
20 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە
نیشانەکردن سلێمانی گەشتیار جەژنی رەمەزان
A+ A-

رووداو - سلێمانی

لە سێ رۆژی پێش جەژنەوە نزیکەی 20 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لەو گەشتیارانە کردووە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانیش هۆکاری هاتنی کەمی گەشتیاران لە رێگەی گرووپەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، مۆتێل و هۆتێل و گوندە گەشتیارییەکان داشکاندنێکی ئەوتۆیان نەکردووە.


هاوکار یاسین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاندووە، کە تەنها هی 3 رۆژی بەر لە جەژنە، 19 هەزار و 716 کەس لە بازگەکان و فڕۆکەخانە و سنووری نێودەوڵەتی باشماخەوە هاتوونەتە نێو شاری سلێمانی.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ژمارەی گەشتیارەی هاتوون، زیاتر لە هەزار و 650 کەس لە باشماخەوە هاتوونەتە نێو سلێمانی، ئەوانی دیکەش لە بازگەکانی عەربەت، کەڵەوانان، تاسڵوجە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاتوونەتە نێو شاری سلێمانی.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئەمساڵ 3 لیژنەی پێکهێناوە، کاری یەکێک لەو لیژنانە دابەشکردنی رێبەری گەشتیاری بەسەر گەشتیاران لە خاڵی سنووری و بازگەکان، هاوکات دابەشکردنی بروشۆرێکە کە ژمارەی تەلەفۆنە گرنگەکانی سلێمانی تێدایە، بۆئەوەی لە حاڵەتی هەر ئەگەر و رووداوێکی پێویست پەیوەندی بکەن.

کاری یەکێکی دیکە لە لیژنەکان، سەرپەرشتیکردنی مۆتێل و هۆتێل و گوندە گەشتیارییەکان و شوێنەکانی مانەوەو حەوانەوەی گەشتیارانە، کە بە بەردەوامی بەسەر ئەو شوێنانەدا دەگەڕێن.

لیژنەی سێهەمیشیان کاری لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەبێت و سەرپەرشتی سەرجەم کایەکان دەکەن، لەڕووی نرخ، تەندروستی، کوالێتی خزمەتگوزارییەکان، چێشتخانەکان و ئەو شوێنانەی پێویستە کراوەبن.

پەیامنێری رووداو، ئاماژە بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی دەدات و دەڵی بەگوتەی ئەو رێژە گەشتیارەی هاتوونەتە سلێمانی بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەکی کەم نییە، بەڵام گرووپە گەشتیارییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە مۆتێل و هۆتێل و گوندە گەشتیارییەکان داشکاندنێکی ئەوتۆیان نەکردووە، بەڵکو بەراورد بە جەژنی نەورۆز نرخەکانیان دوو هێندە کردووە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە