رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی حەوتەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. بەرپرسانی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر و سلێمانی دەڵێن، "هەموو جۆرەکانی خۆراک ئامادەن."
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سبەی دووشەمەمەوە پارە لە بریکارەکان وەردەگرین بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراک و هەموو خۆراکێکی پێویست لە کۆگە ئامادەیە."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، لە پێنجشەممەوە دەست بە دابەشکردنی خۆراک دەکەن، بۆیە دەبێت سبەی و دووسبەی بریکارەکان پارە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک وەربگرن.
لە بەشەخۆراکی حەوتەمی ئەم ساڵدا ئەم خۆراکانە: یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو خۆراکێک ئامادەیە و لە سبەیەوە پارە لە بریکارەکان وەردەگرین، هەوڵ دەدەین چوارشەممە یان پێنجشەممە دابەشی بکەین."
ساڵانە چەند مانگێک بەشەخۆراک دابەش ناکرێت. ساڵی رابردوو لە 12 مانگدا تەنیا 10 بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام دوای بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان بەشەخۆراکیان بڕدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ